لە کەرکووک مامۆستای پیاو لە قوتابخانەی کچان قەدەخە دەکرێت

10-08-2023
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی کەرکووک بەوەکالەت رایگەیاند، نابێت مامۆستای پیاو لە قوتابخانەی کچان هەبێت و بەرپرسێکی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێت، "لە خوێندنی کوردیدا مامۆستا پیاو لە قوتابخانەی کچان هەیە، ئەو نووسراوەش بە فەرمی ئاراستەی خوێندنی کوردی نەکراوە، تاوەکو پێوەی پابەند بین."
 
رەعەد عەبدوڵڵا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووک بە وەکالەت رۆژی چوارشەممە 09-10-2023 نووسراوی فەرمی بۆ بەشی سەرپەرشتیاریی پسپۆریی کەرکووک و بەشی خوێندنی گشتی و میلاکات کردووە و، داوای گواستنەوەی سەرجەم مامۆستایانی پیاو لە قوتابخانەکانی (ئامادەیی، دواناوەندی و ناوەندی) کچان دەکات.
 
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووک بە وەکالەت لە نووسراوەکەدا کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، جەخت لەوە دەکاتەوە لەبەر بەرژەوەندی گشتی و کارکردن، بڕیاریاندا، نابێت مامۆستای پیاو لە قوتابخانەی کچان بێت، بەڵکو پێویستە تەنیا مامۆستای ژن لە قوتابخانەکانی کچان وانە بڵێنەوە، بەپێچەوانە هەموو لێکەوتە یاسایی و کارگێڕییەکانیان دەکەوێتە ئەستۆ.  
 
کامەران عەلی حەسەن، سەرپەرشتیاری ئامادەیی و پیشەیی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئەمڕۆ (پێنجشەممە 10-08-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە بنەڕەتەوە نەک لە کەرکووک، بەڵکو لە تەواوی عێراقدا لە قوتابخانەی کچان، نابێت مامۆستای پیاو هەبێت و وانە بڵێتەوە، بۆیە ئەو بڕیارە تازە نییە، تەنیا جەختکردنەوەیە."
 
سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە لە قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی، کامەران عەلی حەسەن گوتی "لە خوێندنی کوردیدا مامۆستای پیاو لە قوتابخانەی کچان هەیە، ئەو نووسراوەش بە فەرمی ئاراستەی خوێندنی کوردی نەکراوە، ئەگەر ئاراستەمان کرا، ئەوکاتە پرس بە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین و پابەندی هەر بڕیارێک دەبین، کە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بیدات."

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.