رووداو دیجیتاڵ
لە کەلار نزیکەی 26 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە قۆناخی دروستکردن و مۆڵەت وەرگرتندان. قایمقامی شارەکەش دەڵێت، تەرخانکردنی زەوی بۆ ئەو پڕۆژانە هاوتەریبە لەگەڵ ماستەرپلانی شاری کەلار.
شەهاب ئەحمەد، قایمقامی کەلار لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە یادی 54 ساڵەی بەقەزابوونی کەلار باسی ئەو 26 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونەی کرد و، گوتیشی پرۆژەکانی کەلار تەنیا لە کەرتی نیشتەجێبووندا نین.
شەهاب ئەحمەد دەڵێ لە کەرتی کشتوکاڵدا چەندین پڕۆژەی گەورە لە کەلار کراون، "پڕۆژەی بەخێوکردنی مانگا لە سنوورەکە هەیە، کە یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکان لەسەر ئاستی عێراق، هەروەها پڕۆژەی قارچک کە رۆژانە بەرهەمەکانی هەناردە دەکرێت."
بەشێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی فراوان بوون، قایقامی کەلار رەتیدەکاتەوە ئەو گرفتە لە کەلاردا هەبێت و دەڵێت "پێدانی زەوی بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، هاوتەریبە لەگەڵ ماستەرپلانی شارەکە و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان هۆکارێکی باشن بۆ فراوانبوون و گەشەسەندنی شاری کەلار."
کەلار یەکێکە لەو شوێنانەی هەرێمی کوردستان کە هەندێک جار لە کاتی بارانی بەخوڕدا لافاوی تێدا دروست دەبێت، قایمقامی قەزاکە سەبارەت بە چارەسەری ئەو گرفتە دەڵێت "هەموو هەوڵێک دراوە بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی روودانی لافاو، بەڵام هەندێکجار بارانی زۆر، رێگریی لێناکرێت و لە توانادا نامێنیت، ئەگەرنا بەربەست بۆ دروستبوونی لافاو دراوستکراوە و کاری زیاتریشی لەسەر دەکەین."
لە سنووری کەلار نزیکەی 200 کارگەی بچووک، گەورە و مامناوەند هەن، بەرهەمی بەشێکی ئەو کارگانە لە کەلار زیادە و دەنێردرێتە دەرەوەی کەلار.
سەبارەت بە پێداویستییەکانی شاری کەلار شەهاب ئەحمەد، گوتی "کەلار پێویستیی بە چەند پڕۆژەیەکە یەکێک لەو پڕۆژانەی زۆر گرنگە؛ تەواوکردنی نەخۆشخانەی 100 تەختییە کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیراوە و بەشێکی گەڕەکەکانی کەلار تاوەکو ئێستا قیرتاو نەکراون، 15 پڕۆژە لە سنووری کەلار راگیراون."
ئەمڕۆ (28-2-2024)، 54 ساڵ بەسەر بەقەزابوونی کەلاردا تێدەپەڕێت، کە ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە و یەکێکە لە قەزا گەشەسەندووەکانی هەرێمی کوردستان، ئێستاش ناوەندێکی گرنگی بازرگانییە لەگەڵ ئێران و ناوچەکانی خوارووی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ