رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ئۆپەراسیۆنێکدا 18 ئەندامی رێکخراوی داعشیان لە رەققە دەستگیرکرد و راشیانگەیاند، بۆ کۆتاییهێنانی یەکجارەکییان، پێویستیان بە هاوکاریی نێودەوڵەتیی چڕوپڕە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2024، هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ماوەی ئەو قۆناخە ناسەقامگیرەی دوای رووخانی رژێمی بەعس لە سووریا، رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ئەو پشێوییەی قۆستەوە."
هەسەدە دەڵێ: "بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەندین کۆگەی چەکی سوپای سووریا لە چەندین ناوچەی جیاواز، بە ئامانجی بەهێزکردنی تواناکانی و ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی و تەشەنەکردن بە جوگرافیای سووریادا. رێکخراوە تیرۆریستییەکە (داعش) توانی دەسەڵاتی خۆی فراوان بکات، تاوەکو ناوچە گوندنشینەکانی بادیەی سووریا و چەندین ناوچەی ستراتیژی دیکەی گرتەوە، لەوانە دەوروبەری شاری رەققە."
هەسەدە ئاماژە بەوە دەکات، "هێزەکانی سووریای دیموکرات، بە پشتیوانی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا کە خانەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشی لە شاری رەققە کردە ئامانج لە شەوی 21ی کانوونی یەکەمی 2024، ئەم ئۆپەراسیۆنەش بووە هۆی دەستگیرکردنی 18 ئەندامی رێکخراوە تیرۆریستییەکە و گومانلێکراو."
هەسەدە لەبارەی ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکەوە دەڵێ: "وەک وەڵامێک بۆ هەوڵەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکە بۆ دروستکردنی ناسەقامگیری و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، هەروەها بە ئامانجی رێگریکردن لە رێکخراوە تیرۆریستییەکە لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی بووە."
هەسەدە جەخت لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و سەربازییەکانیان دژی داعش دەکاتەوە و دەشڵێت، "بەڵام کۆتاییهێنانی یەکجارەکی پێویستی بە هاوکاریی نێودەوڵەتیی چڕوپڕە، چونکە هەر تەشەنەکردنێکی مەترسی بۆ سەر تەواوی جیهان دروست دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ