رووداو دیجیتاڵ
کەشناسێک پێشبینی دەکات کۆتایی ئەم هەفتەیە یەکەم شەپۆلی بارانبارینی سەرانسەری؛ هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و بۆماوەی دوو رۆژ بەردەوام بێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2024، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشبینی دەکرێت لە بەیانیی رۆژی هەینییەوە شەپۆلێکی بارانبارینی مامناوەند بۆ بەهێز سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، کە بۆ ماوەی نزیکەی 48 کاژێر بەردەوام بێت."
محەممەد کەمال دەڵێت: "چەقی شەپۆلەکە پارێزگای سلێمانی، بەشێکی هەولێر و دهۆک دەبێت، پێشبینیش دەکەین بەهۆی بارانبارینەکەوە لە ناوچەکانی هەولێر و دهۆک پەڵە بدات."
بە گوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، "هەر لەگەڵ ئەو شەپۆلەدا، پێشبینی دەکرێت لە سەرجەم ناوچە شاخاوییەکانیش بەفرێکی زۆر ببارێت، پلەکانی گەرماش لە شارەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و کەشەکە بەتەواوی زستانە دەبێت."
کەشناسیی هەرێمی کوردستانیش لەبارەی کەشوهەوای رۆژی دووشەممە دەڵێت: "ئاسمان لە ساماڵ و پەڵەهەورەوە دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور، ئەگەرى نمەباران لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانى پارێزگاى هەولێر و ناوچە شاخاوییەکانى پارێزگاى دهۆک و سەنتەرى پارێزگاى دهۆک هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ