وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیکرد لە تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من کرد و وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "گفتوگۆ لە سەر دوایین بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆژەکە لەسەر ئاستی پارێزگاکان کراوە و بەپێی دوایین ئامارەکان تاوەکو ئێستا نزیکەی 700 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە رێگەی هەشت بانکەوە خۆیان لە پڕۆژەکەدا تۆمار کردووە."
 
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی، "زیاتر لە 350 هەزار کارتی بانکی دابەشکراون و 306 ئامێری راکێشانی پارە بەردەستە؛ بۆ مانگی تشرینی دووەمیش نزیکەی 221 هەزار مووچەخۆر بەشێوەی دیجیتاڵی مووچەکانیان وەردەگرن. بۆ مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتووش سەرجەم فەرمانبەرانی شارستانی لە پارێزگای هەولێر بەشێوەی دیجیتاڵی مووچەکانیان وەردەگرن."
 
وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوەش دەکات، "لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تیشک خراوەتەسەر ئامادەکارییەکان بۆ  کردنەوەی هەژماری بانکیی بۆ سەرجەم خانەنشینان، کەسوکاری شەهیدان و خاوەن پێداویستیەتایبەتەکان و لەو رووەوە چەندین کارئاسانیان بۆ دەکرێت. بڕیاریشە لە ساڵی داهاتوودا هەنگاو بە هەنگاو پڕۆژەکە رادەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری بکرێت."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "پێشوازییمان لە گشتاندنی ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کرد، کە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و پارێزگاکانی کردووە و کۆپییەکیشی بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ناردووە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی پابەند کردووە بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی و تیایدا هاتووە، سەبارەت بە بەرەوپێشبردنی ژینگەی کارەکان و پتەوکردنی توانای بانکەکانی عێراق لەسەر بنەمای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دارایی و بانکیی زیاتر، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزارەت و کۆمپانیاکانی راسپاردووە بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بانکە ئەهلییەکان، بەتایبەت لەبواری کردنەوەی هەژماری بانکی و پێدانی سلفە و قەرزی بەڵگەنامەیی، هەروەها هاوکاریکردن بۆ بەرەو پێشبردنی پارەدانی ئەلیکترۆنی و تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەران. بەوەش هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە."
 
'هەژماری من' پڕۆژەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە