رووداو - هەولێر
نوسرەت گۆکچە، ئەو چێشتلێنەرە کوردەی بە نمایشەکانی لە ئامادەکردنی گۆشتدا بەناوبانگە، بە 175 هەزار دۆلار هاوکاریی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان دەکات.
دوای ئەوەی ئێوارەی 24ی کانوونی دووەمی 2020 بوومەلەرزە بە گوڕی 6.8 پلەی رێختەر خارپێتی باکووری کوردستانی هەژاند و رووداوەکە زیانی گیانی و ماڵیی بەدوای خۆیدا هێنا، هاوشانی رێکخراو و کۆمەڵەکان، هونەرمەند و کەسایەتییەکان کەوتنەخۆ بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری.
ئەمڕۆ سێشەممە نوسرەت گۆکچە، چێشتلێنەرە ناسراوەکەی باکووری کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا رایگەیاند، بە ملیۆنێک و 22 هەزار لیرەی تورکی کە دەکاتە 175 هەزار دۆلاری ئەمریکی، هاوکاریی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە دەکات.
هەروەها ئاجون ئڵجاڵی، راگەیاندنکاری ناسراوی تورکیا لەڕێگەی کەناڵی تەلەڤزیۆنیی خۆیەوە بانگەوازێکی تایبەتی بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری راگەیاند و 73 ملیۆن لیرەی تورکیی کۆکردەوە کە دەکاتە نزیکەی 12.2 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.
بەپێی دوایین ئامار کە لەلایەن سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بڵاوکراوەتەوە، تاوەکو ئێستا بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستانەوە لە خارپێت 41 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 607 کەسیش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ