رووداو دیجیتاڵ
لە چوار پارێزگای باکووری کوردستان، رێگەی 283 گوند و شارۆچکە و ئاوایی داخراون، تیمەکانی شارەوانی لە هەوڵی کردنەوەیاندان.
سێ رۆژە شەپۆلێکی بەفربارین، بەشی باکوور و باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگاکانی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە و ئەمڕۆ چوارشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2024، بەفربارینەکە کاریگەری بەسەر پارێزگاکانی وان، جۆلەمێرگ، مووش و بەدلیس هەبوو. لەم چوار پارێزگایەدا رێگەی 283 گوند، ئاوایی و ناوچەی نیشتەجێبوون داخراون.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگەوبانەکانی تورکیا بڵاویکردەوە، لە بەفربارینەکەی ئەمڕۆدا رێگەی 158 گوند و ناوچەی نیشتەجێبوون لە پارێزگای وان، رێگەی 24 گوند لە جۆلەمێرگ، رێگەی 30 گوند لە مووش و رێگەی 71 گوند لە بەدلیس داخراون.
شەپۆلێکی سەرما لە نێوەڕاستی ئەم مانگەدا چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە، بە جۆرێک لە هەندێک ناوچە پلەی گەرما بۆ ژێر سفری دابەزیوە.
سەرما و سۆڵە بە بەفربارین، زوقم و سەهۆڵبەندان پارێزگاکانی شرنەخ، ئاگری، قەرس، ئەردەخان، ئەرزەڕۆم، چەولیگ، خارپێت، دێرسم و ئەرزینگانیشی بەڕێژەیەکی کەمتر گرتەوە.
لە پارێزگاکانی ئیدر، مەلەتێ، مەرەش، سەمسوور، رووها، مێردین، دیلۆک، سێواس، ئامەد، سێرت و ئێلیهـ لێزمەباران، تەرزە و زریانە، بۆیە هۆشداری لە روودانی لافاو دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ