بزووتنەوەی گۆڕان: بەشداریی حکومەت ناکەین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی گۆڕان
دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی گۆڕان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شاندی پارتی بۆ گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی حکومەت سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد، گوتەبێژی بزووتنەوەکە دەڵێت: ''پێمان راگەیاندوون بەشداریی حکومەت ناکەین، بەڵکو دەبینە ئۆپۆزیسیۆن.''

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 27-11-2024، شاندی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی 10ـیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕانی لە سلێمانی کرد. 
 
دوای کۆبوونەوەکە، دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''ئامانجی سەردانەکە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو.''
 
دلێر عەبدولخالق گوتی: ''هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان روونە، بە برایانی پارتیمان راگەیاندووە بەشداری حکومەت ناکەین، وەکو هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی دەمێنینەوە و هەوڵدەدەین، پەرلەمان و دامەزراوەکانی چاودێری بە شێوەیەک کار بکەن، کە لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خەڵکدا بن.''
 
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە 20ـی تشرینی یەکەم کرا، بزووتنەوەی گۆڕان یەک کورسی بەدەستهێنا. گوتەبێژی بزوتنەوەکە گوتی: ''ئێمە هەم ئەزموونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیمان هەیە، هەم ئەزموونی بەشداری لە حکومەتدا، بەڵام بەداخەوە ئەزموونی بەشداریمان لە دەسەڵات ئەزموونێکی تاڵ بوو.''
 
دلێر عەبدولخالق داوا دەکات ئەو لایەنانەی کە ناچنە نێو حکومەتەوە و وەکو ئۆپۆزیسیۆن دەمێننەوە، ''لەسەر هەندێک هێڵی نیشتمانی رێکبکەوین، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی میللەتەکەی خۆمان بکەین.''
 
بڕیارە سبەی ئێوارە، شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بۆ دانوستاندن لەسەر پێکهێنانی حکومەت، سەردانی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان بکات.
 
لە سەرەتای ئەم هەفتەیە، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسندکرد کە پارتی بە بەدەستهێنانی 39 کورسی براوەی یەکەمە، یەکێتی 23 کورسی و نەوەی نوێ 15 کورسی هەیە و پلەکانی دووەم و سێیەمیان گرتووە.
 
رۆژی سێشەممە، 26ی تشرینی دووەمی 2024 دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمیی ژمارە 417ـی ساڵی 2024 دەرکرد؛ بۆ ئەوەی رۆژی دووشەممە، 02-12-2024 کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆ یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، ئەم فەرمانەش لە رێکەوتی دەرچوونی جێبەجێ دەکرێت و لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە." 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە