رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، دۆسیەی گەشتیارانی هەرێمی کوردستانیان گەیاندە پارێزگاری ئیستەنبووڵ، کە زۆر جار لەلایەن فڕۆکەخانەی سەبیحە گۆگچەنەوە لە ئیستەنبووڵ دووچاری کێشە دەبنەوە.
رۆژی چوارشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ داود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبووڵ لە کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا رایگەیاند، "لەگەڵ پارێزگاری ئیستەنبووڵ باسی خەڵکی کوردستانمان کرد کە بۆ چارەی تەندروستی و بازرگانی و کاتەکانی خۆشی سەردانی ئیستەنبووڵ دەکەن، بەڵام لە فڕۆکەخانەی سەبیحە دووچاری کێشە دەبنەوە. داوامان لە پارێزگاری ئیستەنبووڵ کرد رۆڵی هەبێت لە چارەکردنی ئەو گرفتە."
شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە پێشانگەى MUSIAD EXPO 2024 لە ئیستەنبووڵە.
تاوەکو ئێستا چەندین جار گەشتیارانی کورد لەو فڕۆکەخانەیە کێشەیان بۆ دروستکراوە، ئاسایشی فڕۆکەخانەکە سەیری مۆبایلی گەشتیاران دەکەن. چەندین گەشتیار بەهۆی وێنەی ئاڵای کوردستان یان سەرکردەکانی کورد لە فڕۆکەخانەکە گەڕێندراونەتەوە و گەشتی تورکیایان لێ قەدەخە کراوە.
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، بانگهێشتی پارێزگاری ئیستەنبووڵی کردووە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و "بە سوپاسەوە داود گوڵ داواکەی ئێمەی قبووڵ کرد".
هاوکات داود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبووڵ لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند، "لەگەڵ پارێزگاری هەولێر باسمان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئیستەنبووڵ کرد، لەگەڵ هاوئاهەنگییەکان بۆ هاوکارییکردنی گەشتیاران لەنێوان هەردوولادا، پشتیوان بەخوای گەورە ئەو کێشانەی لەبەردەم گەشتیاراندا هەیە، چارە دەکرێن."
26-11-2024، لەسەر بانگهێشتى وەزیرى بازرگانىی تورکیا، شاندێکى هەرێمى کوردستان کە پێکهاتبوون لە ئانۆ جەوهەر، وەزیرى گواستنەوە و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، ئایدن مەعروف، وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى پێکهاتەکان و سەروەر هاواری، بریکارى وەزارەتى بازرگانى و سەرۆک و ئەندامانى ژوورە بازرگانییەکانى هەولێر و سلێمانى، بەشدارییان لە کردنەوەى پیشانگاى MUSIAD EXPO 2024 ـی تایبەت بە بازرگانی و پیشەسازیی لەشارى ئیستەنبووڵ کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ