هەوڵی پێکهێنانی حکومەت؛ پارتی لە سلێمانی و یەکێتی لە هەولێر لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کۆبوونەوە

48 خولەک له‌مه‌وپێش
بەختیار قادر
بەختیار قادر
سەردانی شاندی پارتی و یەکێتی بۆ لای گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری
سەردانی شاندی پارتی و یەکێتی بۆ لای گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پارتی و یەکێتی بەجیا لە هەولێر و سلێمانی دەستیان بە کۆبوونەوەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەم کرد، پارتی لە سلێمانی چوونە لای نەوەی نوێ و گۆڕان و یەکێتیش لە هەولێر سەردانی کۆمەڵی دادگەری کرد.
 
نەوەی نوێ بۆ بەشداربوون لە کابینەی تازەی حکومەت مەرجی سەرۆکوەزیران یان تەواوی وەزارەتەکانی هەبوو، هەرچی گۆڕانیشە بڕیاری داوە ئۆپۆزیسیۆن بێت.
 
دڵشاد شەهاب، ئەندامی دانوسانکاری شاندی پارتی بە رووداوی راگەیاند: "بڕیارمان وابوو بە پێی ریزبەندی کورسیەکانیان سەردانی لایەنە سیاسیەکان بکەین، یەکەم جار هێزی یەکەم و دووەمجار دووەم و بەوشێوەیە تاوەکو هەموو لایەنەکان دەبینین، بەڵام یەکێتی ئەمرۆ ئامادە نەبوو، سەردانی لایەنەکانی دیکە دەکەین و لە ئایندەشدا لەگەڵ یەکێتی و تەواوی لایەنەکانی دیکە کۆدەبینەوە. لەگەڵ یەکێتی پەیوەندی بەردەواممان هەبووە و ئاگادارن کە سەردانی لایەنەکان دەکەین."
 
شاندی دانوستانکاری یەکێتیش یەکەم تەوقە و باوەشیان لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری بوو، کاژێرێک گفتووگۆیان کرد. بەڵام کۆمەڵی دادگەری رژدە لە سەر بڕیاری خۆی، کە نەک حکومەت، ناجێتە پەرلەمانیش.
 
شوان رابەر، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکە یەکێتی دوو داوای لە ئێمە کرد، یەکەم پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێمە لە جاران باشتر بێت، بەردەوام راوێژممان لە نێوان هەبێت، خاڵی دووەم سەبارەت بە پەرلەمان کە ئێمە بڕیارمانداوە بەشداری ناکەین، پێیان باش بوو بچینە پەرلەمان و حکومەت گوتمان ئەوەمان یەکلایی کردووەتەوە کە ناچینە پەرلەمان."
 
هێشتا دیار نییە کۆبوونەوەی چارەنووسساز کە لە نێوان براوەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردن دەبێت، کەی دەکرێت، یەکێتی لاری نییە لەو سێ خاڵەی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت داوای دەکات.
 
سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت: "مەرج نییە سەرەتا یەکێتی و پارتی کۆببنەوە، گرنگە بزانین لایەنەکان چۆن بیر دەکەنەوە و قسەی ئەوانمان لاڕوون بێت بۆ ئەوەی هەموومان داخوازەکانی خۆمان بزانین، بە دڵنیاییشەوە یەکێتی یەک هەرێم و یەک هێزی پێشمەرگە و یەک پەرلەمانی دەوێت."
 
مەرج و داواکاری حیزبەکان زۆر و جیاوازن لە رابردوو، بۆیە پێدەچێت دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەت درێژە بکێشێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە