رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری کەنیسەی یەکێتیی کریستیانەکان لە دێرکی رۆژئاوای کوردستان داوا لە هێز و پێکهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکات "یەکگرتووبن" بۆ ئەوەی ببنە هێزێکی کاریگەر لە قۆناخی دامەزراندنی سووریای نوێدا.
رۆژی هەینی، 27-12-2024، نەعیم یوسف، سەرپەرشتیاری کەنیسەی یەکێتیی کریستیانەکان لە دێرک پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: "بۆ گەلی هێژامان بەهەموو پێکهاتەکانییەوە لە جەزیرەی سووری، ئێمە لە دووڕیانێکداین کە هێشتا دیارنییە بەرەو کوێ دەڕۆین".
نەعیم یوسف ئاماژە بەوە دەکات کە "ململانێ و ناکۆکیی زۆر لەنێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەیە. لە هەمان کاتدا هەڕەشەیەکی دەرەکیی بەهێز بۆ سەر تەواوی ناوچەکە بەدی دەکرێت کە کار بۆ نەهێشتنی مافی هەمووان دەکات".
سەرپەرشتیاری کەنیسەی یەکێتیی کریستیانەکان لە دێرک رووی قسەکانی دەکاتە هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان و پێکهاتەکان و دەڵێت: "داواتان لێدەکەم کۆک بن و سازش بۆ یەکدی بکەن لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی. هەمووان چاویان لەوەیە ئێوە یەکگرتوو بن بۆ ئەوەی ببنە هێزێکی کاریگەر لە قۆناخی دامەزراندن"ـی سووریای نوێدا.
نەعیم یوسف داوا لە هێزەکان دەکات کە "بۆ پاراستنی مافی کورد، عەرەب و کریستیانەکان روو لە دیمەشق بکەن، چونکە ماف پێشکێش ناکرێت، بەڵکو وەردەگیرێت".
ئەم پەیامە لە کاتێکدایە، لە سووریا کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەسەد هاتووە و هێشتا هێزە کوردستانییەکان یەکدەنگ نین بۆ ئەوەی پێکەوە بچنە دیمەشق و پێکەوە داوای مافەکانی گەلی کورد لە سووریای نوێدا بکەن.
دەقی پەیامەکە:
بۆ گەلی هێژامان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە لە جەزیرەی سووری، بەهۆی هەستکردنم بە بەرپرسیارێتی، بۆ یەکەمجار رێگە بەخۆم دەدەم دەستوەردانی کاروباری گشتی بکەم؛ هەروەها بەهۆی ئەوەی ئێمە لە دووریانێکداین کە هێشتا دیار نییە بۆ کوێ دەڕۆین، لەلایەکی دیکەشەوە ململانێ و ناکۆکیی زۆر لەنێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەیە. لە هەمان کاتدا هەڕەشەیەکی دەرەکیی بەهێز بۆ سەر تەواوی ناوچەکە بەدی دەکرێت کە کار بۆ نەهێشتنی مافی هەمووان دەکەن. لێرەوە داواتان لێدەکەم کۆک بن و سازش بۆ یەکدی بکەن لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی؛ هەمووان چاویان لەوەیە ئێوە یەکگرتوو بن بۆ ئەوەی ببنە هێزێکی کاریگەر لە قۆناخی دامەزراندندا؛ هەروەها داوا لە حیزبە نەتەوەییەکان دەکەم بۆ پاراستنی مافی کورد، عەرەب و کریستیانەکان روو لە دیمەشق بکەن، چونکە ماف پێشکێش ناکرێت، بەڵکو وەردەگیرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ