رووداو دیجیتاڵ
چوونی خەڵک بۆ 14 ناوچە لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان بۆ 15 رۆژ قەدەخە کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن پارێزگای شرنەخەوە بڵاوکراوەتەوە، ناوچە سنوورییەکانی سەر بە سلۆپی، گابار، گوچلو کۆناک، سوهور یایلا، جودی، جزیرێ، فارقین، فاراشین، تەختەڕەش، بەیتوشەباب، دۆنمەزلەر، کۆڤانکایا، خوسرەوپاشا و ئاڵتنداغ لە پارێزگاکە وەک "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" راگەیێندراون و بۆ 15 رۆژ چوونی خەڵک بۆیان قەدەخەیە.
قەدەخەکردنەکە لە رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024ـەوە دەستپێدەکات.
پارێزگای شرنەخ دەڵێت، بە مەبەستی "پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، دەستەبەرکردنی سەلامەتیی گشتی، رێگری لە تاوان و پاراستنی ماف و ئازادییەکان"، ئەو شوێنانە وەک ناوچەی ئەمنیی تایبەت راگەیێندراون و داوای لە خەڵکیش کرد پابەندی بڕیارەکە بن.
سوپای تورکیا چەند مانگێکە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی گەریلاکان لە ناوچە سنوورییەکانی باکوور و هەرێمی کوردستان و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان زیادکردووە. ئەو شوێنانەی ئۆپەراسیۆنیان تێدا بەڕێوەدەچێت وەک ناوچەی ئەمنیی تایبەت رادەگەیێندرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ