رووداو دیجیتاڵ
لە چۆڵەوانییەکانی نۆ گوندی پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان بۆ ماوەی 15 رۆژ قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک، کە ئەمڕۆ (چوارشەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2023) لەلایەن پارێزگای مێردین بڵاوکراوەتەوە، چۆڵەوانییەکانی نۆ گوندی سەر بە شارۆچکەی نوسێبین وەکو "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ناسێندران و بۆ 15 رۆژ، چوون و هاتنی خەڵک بۆ ئەو ناوچانە قەدەخە کرا.
بڕیاری قەدەخەکردنەکە چۆڵەوانی گوندەکانی ئەلن، باهمنن، فسقین، مشاول، گەلیێ سۆر، ئەفشێ، قودبێ، یۆڵ و شەکرین دەگرێتەوە، کە لە چیای باگۆک هەڵکەوتوون. قەدەخەکەش لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات و تاوەکو 10ـی کانوونی دووەمی 2024 بەردەوام دەبێت.
لە راگەیێندراوەکەی پارێزگای مێردین ئاماژەی بەوەدراوە، بەپشتبەستن بە یاسای ژمارە 5442ـی بەڕێوەبردنی شارەکان و بەمەبەستی پاراستنى ئاسایشی نیشتمانی و ئاسایشی گشتی، رێگریکردن لە ئەنجامدانی تاوان و پێشێلنەکردنی ماف و ئازادیی ئەوانى ديكە، داوا لە هاووڵاتییان دەکەن بۆ ئەوەی گیان و ماڵیان پارێزراو بێت، پابەندی بڕیاڕەکە بن و نەچن بۆ ئەو ناوچانە.
سوپای تورکیا لەم دواییانەدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی گەریلاکانی پەکەکە لەسەر سنووری باکوور و باشووری کوردستان و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان زیادکردووە، بەو هۆیەوە قەدەخەی هاتووچۆ و ناوچەی ئەمنیی تایبەت لە ناوچەکەدا رادەگەیێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ