رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر رایگەیاند، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی شووقەکەی ئیسکان تاوەر بەهۆی لێچوونی گازەوە بووە و بەهۆی ئاگرەکەوە 17 کەس رزگارکراون، کە چوار کەسیان رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
رۆژی چوارشەممە، 27-12-2023 موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی لەبارەی ئاگرکەوتنەوە لە شوقەیەکی ئیسکان تاوەر رایگەیاند، "لە رووداوەکەدا هیچ زیانێكی گیانی نەبووە، تەنیا زیانی مادی هەبووە لەو شوقەیەی ئاگرەکەی تێدا کەوتووەتەوە."
موقەدەم کاروان میراودەلی، دەڵێت کاژێر 11:22ـی خولەکی پێشنیوەڕۆ ژووری کۆنترۆڵ لە رووداوەکە ئاگادارکراونەتەوە و هەر ئەو کات 11 تیمی بەرگری نێردراونەتە شوێنی رووداوەکە.
لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتی، "بەهۆی لێچوونی گازەوە بووە و خێزانی نێو شووقەکە هەوڵیانداوە کۆنترۆڵی بکەن، بەڵام بۆیان کۆنترۆڵ نەکراوە."
رووداوەکە لە شوقەیەکی نهۆمی 17ـی ئیسکان تاوەر لە هەولێر کەوتەوە. کاروان میراودەلی دەڵێت، "17 کەس لە رووداوەکە رزگارکران، بەڵام تەنیا چوار کەسیان لە رێگەی تیمەکانی 122 رەوانەی نەخۆشخانە کراون، کە یەکێکیان کارمەندی بەرگریی شارستانی بووە و بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکە، تەنگە نەفەس بووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ