رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی هەولێر دەڵێت، دوێنێ سەردانی ئاڕتی بانکی کردووە بۆئەوەی 3000 دۆلار بە نرخی فەرمی کە 132 هەزار دینارە، بکڕێت؛ بەڵام لە بانک ئاگادار کراوەتەوە، کە مانگی حوزەیران بە پاسپۆرتەکەی دۆلار لە بانک کڕدراوە، بەبێ ئەوەی ئاگادار بێت.
رۆژی پێنجشەممە 27-07-2023 هاونیشتمانییەکی دانیشتووی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەفتەی داهاتوو گەشتم هەیە، بۆیە دوێنێ سەردانی ئاڕتی بانکم کرد بۆ ئەوەی 3000 دۆلار بە نرخی فەرمی کە 132 هەزار دینارە بکڕم، بەڵام ئاگاداریان کردمەوە کە لە مانگی حوزەیران دۆلارم لە بانکەکە کڕیوە، لە کاتێکدا هیچ بڕە پارەیەکم نەگۆڕیوەتەوە، چونکە ئەم ماوەیە گەشتم نەبووە."
ئەو هاونیشتمانییە دەشڵێت، "گرفتەکە لە ئاڕتی بانک نییە و هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە نییە، ئەوەی روودەدات پەیوەندیی بە بانکی ناوەندیی عێراقەوە هەیە، لە ئاڕتی بانک سەیری سیستمیان کردووە، ناوی کەسێک و ژمارە تەلەفۆنی نیشاندا، کە پارەی بە پاسپۆرتی من گۆڕیوەتەوە، بەڵام دیار نییە کارەکە لە چ بانکێک کراوە. تەنیا لە بانکی ناوەندی دەردەکەوێت."
ئەو هاونیشتمانییە پەیوەندیی بەو ژمارە تەلەفۆنەوە کردووە کە بە ناوی ئەوەوە پارەی گۆڕیوەتەوە و دەڵێت، "پیاوێکی عەرەبی دانیشتووی پارێزگای بەسرە بوو، کە پێم گوت پارەت بە پاسپۆرتی من گۆڕیوەتەوە، بە منی گوت: نازانم باسی چی دەکەیت و من ماوەیەکی زۆرە نەهاتوومەتەوە هەولێر."
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، ئەو دیاردەیە ئەم ماوەیە زۆر بووە، بە تایبەتی لە بەغدا، ئەو کەسەی کە پاسپۆرتی کەسی بەرامبەری لایە، یاخود خاوەنی کۆمپانیا گەشتیارییەکان، دەتوانن بە پاسپۆرتی خەڵکەوە دۆلار بە نرخی فەرمی لە بانکەکان بکڕن، چونکە ئەوان پاسپۆرت و هەموو زانیاریی ئەو کەسانەیان لەلایە، کە لە رێگەی ئەوانەوە گەشتیان کردووە، بۆیە دەتوانن لەسەر ناوی ئەوان و بە پاسپۆرتی ئەوان رێککەوتن لەگەڵ بانکێکی دیاریکراوی عێراق بکەن و 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار بکڕن."
هەر بەپێی زانیارییەکان، کاتێک ئاڕتی بانک کەسێکی دیاریکراو ئاگادار دەکاتەوە لەوەی کە پارە بەناوی ئەو گۆڕدراوەتەوە، لەڕێگەی سیستەمێکی دیاریکراوی بانکی تەنیا دەتوانێت بزانێت ئەو پارەیە کەی راکێشراوە، جگە لەوە، نیشانی نادات کە لە چ بانکێک راکێشراوە، بەڵام هەر کەسێک بیەوێت بزانێت کێ و کەی و لە کوێ پارە بەناوی گۆڕدراوەتەوە، دەبێت لە بانکی ناوەندیی عێراق سکاڵا تۆمار بکات و ئەوان دوای بەدواداچوون دەتوانن بزانن کێ و لە چی بانکێک پارە گۆڕدراوەتەوە.
بەگوێرەی بڕیاری بانکی ناوەندیی عێراق، هەر گەشتیارێک دەتوانێت تاوەکو 3000 دۆلار بە نرخی فەرمی و بە 1320 دینار وەربگرێت، بەڵام گهشتیار له كاتی گهشتكردن بۆ ئێران، سووریا، لوبنان و كۆریای باكوور سوودمهند نابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ