دوای کردنەوەی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل 80%ی کارگەکانی ئامەد کەوتوونەتەوە کار

27-06-2020
هەوار ئیسماعیل
ساڵانە بە بەهای 12 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و عێراق لەو دەروازەیە دەکرێت
ساڵانە بە بەهای 12 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و عێراق لەو دەروازەیە دەکرێت
نیشانەکردن باکووری کوردستان هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای کردنەوەی دەروازەی سنووریی خابوور (ئیبراهیم خەلیل) کە لە 1ی ئاداری ئەمساڵەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو 4ی ئایار داخرابوو، ئەو کارگانەی لە ئامەدی باکووری کوردستان لە کار وەستابوون، دووبارە دەستیان بە وەبەرهێنان کردووەتەوە و ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان لە رێگەی ئەو دەروازەیەوە بۆ باشووری کوردستان سێ هێندە زیادیکردووە.
 
عەزیز ئۆداباشی، سەرۆکی ناوچەی پیشەسازیی ئامەد باس لەوە دەکات، لە ماوەی دوو مانگ و نیوی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا لە 80٪ی کارگەکانیان بەرهەمهێنانیان راگرتبوو، بەڵام لەگەڵ کرانەوەی دەروازەی سنووریی خابوور لە عێراق و لەگەڵ دەروازەی ئێران، هەناردەکردنیان دەستیپێکردووەتەوە.
 
ئۆداباشی ئاماژە بەوە دەدات، "کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانمان کە یەک شیفت کاریان دەکرد ئێستا بە دوو تاوەکو سێ شیفت کاردەکەن".
 
لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناخی ئاساییبوونەوەی ژیان، بەشێكی زۆری کارگەکانی ئامەد بە درێژایی  24 کاژێر کاردەکەن و رۆژانە دوو هەزار بارهەڵگر لە ناوچەی پیشەسازی ئامەدەوە بەرەوە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل بەڕێدەخرێن. کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان دەڵێن زۆربوونی خواست لەسەر بەرهەمەکانیان هەلی کاری نوێی رەخساندووە. 
 
ئەبروو بینگۆل، خاوەن کۆمپانیای بەرهەمی جوانکاریییە، لە ماوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا بە درێژایی دوو مانگ و نیو تەنیا بە یەک شیفت کاریان کردووە، ئەو یەک شیفتەش تەنیا تاوەکو نیوەڕۆ بووە.
 
ئەبروو بینگۆل ئاشکرای کرد، "دوای کۆتاییهانتی ئەو قۆناخە، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجی ئەمساڵمان لە بەرهەمهێناندا دەستمانکرد بە وەرگرتنی کارمەندی نوێ و شیفتەکانمان بۆ دوو شیفت زیادکردوون".
 
ئاساییبوونەوەی جموجووڵی بازرگانی لە دەروازەی سنووریی خابوور (ئیبراهیم خەلیل) و زیادبوونی ئاستی هەناردە، شۆفێری باهەڵگرەکانیشی خۆشحاڵکردوو، چونکە بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان لە رێگەی کارکردن لەو دەروازیەوە دابیندەکەن.  
 
شوفێری بارهەڵگرێک کە لەم راپۆرتەدا قسەی کردووە، دەڵێت سەرجەم شۆفێرەکان بژێوی خۆیان و خێزانەکانیان لە رێگەی کارکردن لەو دەروازەیە دابیندەکەن. 
 
شۆفێرێکی دیکەش دەڵێت، "نزیکەی 17 بۆ 18 ساڵە لەم دەروازەیەدا وەک شۆفێر کاردەکەم، کرانەوەی ئەم دەروازەیە تەنیا سوودی بۆ کۆمپانیای گواستنەوە و هەناردەکاران نییە، بەڵکو لێرەوە بگرە هەتا ئیستەنبووڵ بۆ ئێمەی شۆفێران و تەنانەت کرێکارەکانیش سوودی هەیە".  

 

 
ساڵانە بە بەهای 12 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و عێراق لەو دەروازەیە دەکرێت کە تاکە دەروازەی بازرگانیی تورکیایە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە