وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان رێکارەکانى رادەستکردنى داهاتى دەستپێکرد

27-05-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان رێکارەکانى تایبەت بە رادەستکردنى داهاتى نێوخۆی بە بەغدا دەستپێکرد و بڕەکەى نزیکەى 100 ملیار دینار دەبێت.
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو دەستى کەوتوون، وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان رێکارەکانى تایبەت بە رادەستکردنى داهاتى نانەوتیى بە شێوەى نەختینەیی دەستپێکردووە، تاوەکو بیخاتە سەر هەژمارى بانکیى تایبەتى وەزارەتى دارایی فیدراڵ لە بانکى ناوەندیی عێراق.
 
بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان، داهاتى نانەوتى مانگانە دەگاتە نزیکەی 320 ملیار دینار. رێککەوتنى بەرایی لەنێوان بەغدا و هەولێر هەیە کە 50%ى ئەو داهاتە رادەست بکرێت.
 
سەرچاوەیەکى ئاگادار لەو بابەتە لە وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "پارەى داهاتى دامەزراوە فیدراڵییەکان و ئەو شوێنانە رادەست دەکرێن کە 50%ى مافى بەغدایە؛ پارە رادەستکراوەکە نزیکەى 100 ملیار دینار دەبێت."
 
سەرەتاى ئایاری ئەم ساڵ، شاندى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى گەیشتنە رێککەوتنێکى بەرایی لەبارەى رادەستکردنى داهات، بە شێوەیەک کە بۆ قۆناخى یەکەم 50%ى داهاتى نانەوتى بە شێوەى نەختینەیی (کاش) بخرێتە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایی فیدراڵى لە بانکى ناوەندى.
 
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابوورى، پیشەسازیى و بازرگانی لە پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو هەنگاوە بۆ مانگەکانى شوبات و ئادارە و 50%ى داهاتى باج و گومرگە؛ بە هەردووکیان بۆ مانگێک نزیکەى 100 ملیار دینارە."
 
ئەوە یەکەمجارە لە ساڵى 2003وە داهاتى هەرێمى کوردستان بە نەختینەیی رادەستى بەغدا بکرێت، پێشتر بە شێوەى پاکتاو یان لێبڕین بووە.
 
سەرچاوەکەى وەزارەتی دارایی بە رووداوی گوت: "بەم نزیکانە ئەو بەشەى داهاتى نانەوتى دەخرێتە سەر هەژمارە بانکییەکەى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ."
 
بەگوێرەى یاساى بودجەى گشتیى عێراق، دەبێت هەرێمى کوردستان و پارێزگاکانى عێراق، داهاتى نانەوتى و 50٪ى داهاتى خاڵە سنوورییەکان رادەست بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارمەندێکی سەرژمێری لەکاتی راپەڕاندنی کارەکەی لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

دەستەی ئامار: مانگی شوبات ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری رادەگەیێندرێت

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرژمێری بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیارە 15ی شوباتی داهاتوو ئەنجامی کۆتایی سەرژمێرییەکە رابگەیێندرێت.