رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە پارێزگای وان ـی باکووری کوردستان، لە یەک هەفتەدا 220 کۆچبەری نایاساییان دەستگیرکردووە. بە تۆمەتی قاچاخچێتیکردن بە کۆچبەران لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ 13 کەس دەستپێکردووە.
پارێزگای وان ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی ئایار رایگەیاند، لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ رێگری لە "قاچاخچێتیی بە کۆچبەران و مرۆڤ".
ئەو 220 کۆچبەرە لە ئۆپەراسیۆنی تیمەکانی سەربە فەرماندەیی جەندرمەی پارێزگای وان لە رۆژانی 20-26ـی ئایار دەستگیرکراون.
تیمەکانی سەر بە فەرماندەیی جەندرمە، هەروەها لە سنووری ئەو پارێزگایەدا 13 کەسیشیان بە تۆمەتی قاچاخچێتیی بە کۆچبەران دەستبەسەرکردووە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
هەرچەندە تورکیا سنوورەکانی خۆی لەگەڵ ئێران بە دروستکردنی دیواری کۆنکرێتی تووندوتۆڵ کردووە، بەڵام پەڕینەوەی کۆچبەری ئەفغانی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەردەوامە و رۆژانە دەیان کۆچبەر دوای پەڕینەوەیان لە سنوور لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای وان دەستبەسەر دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ