رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی پێنجوێن رایگەیاند، بەهۆی بارینی تەرزەوە دوو رووداوی هاتووچۆ روویدا و لەرووداوی یەکەمدا سێ کەس برینداربوون و یەکێک لە بریندارەکان تەندروستی ناجێگیرە. لە رووداوی دووەمیشدا زیانەکان تەنیا مادی بوون.
رۆژی شەممە، 27-01-2024، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پێنجوێن رایگەیاند، "ئێستا رێگەی پێنجوێن بۆ سلێمانی بەهۆی بارینی تەرزەوە خلیسک بووە، شۆفێری تێدا پێویستی بە ئاگایی زیاتر و خێرای کەمتر هەیە بۆ پاراستی ماڵ و ژیانتان."
ئەو ئاگادارییەی هاتووچۆی پێنجوێن بۆ هاووڵاتییان لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دوو رووداوی هاتووچۆ لەو قەزایە روویانداوە.
زانا عەبدولرەحمان، قایمقامی پێنجوێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەردوو رووداوەکە لە یەک شوێن روویداوە کە ئەویش رێگەی ملەی نەڵمەیە کە لەسەر رێگەی ناڵپارێزە."
بە گوتەی قایمقامی پێنجوێن لە رووداوی یەکەمدا ئۆتۆمبێلەکە خلیسکاوە و کەوتووەتە خوارەوە و سێ کەس بریندار بوون، یەکێک لە سەرنشینەکان تەندروستیی ناجێگیرە. رووداوی دووەمیش پێکدادان بووە لە نێوان دوو ئۆتۆمبێل و تەنیا زیان بە ئۆتۆمبێلەکان گەیشتووە.
قایمقامی پێنجوێن گوتیشی، "هێشتا بەفر لە سەنتەری قەزاکە نەباریوە، بەڵام لە پێش بانگی عەسرەوە تەرزە دەبارێت و رووداوەکانیش هەر بەهۆی ئەوە بووە شەقامەکە خلیسک بووە و خزاون."
شەوی هەینی، 26-01-2024 ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت، بەرەبەیانی رۆژی شەممە ئەگەری بەفربارین لە گۆیژە و ئەزمەڕ، پێنجوێن و بەرزنجە لە پارێزگای سلێمانی؛ چۆمان، حاجی ئۆمەران و مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر و ئامێدی لە پارێزگای دهۆک هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ