رووداو دیجیتاڵ
ئەو عومرەکارانەی لە شاری مەدینە گیریان خواردبوو، کێشەکەیان چارەسەر کراوە و فڕۆکەیان بۆ گیراوە، بڕیارە کاژێر 3:00ـی بەیانی رۆژی یەکشەممە بە فڕۆکەیەکی هێڵیی ئاسمانیی عێراقی لە مەدینەوە بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بگەڕێنەوە.
دیدار دڵشاد، کە یەکێکە لەو عومرەکارانەی کە گیری خواردبوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئاگادارکراینەوە کێشەکەمان چارەسەرکرا و لە رێگەی هێڵی فڕۆکەوانیی عێراقییەوە کاژێر 3:00ـی بەیانی رۆژی یەکشەممە لە مەدینەوە بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەڕێدەکەوین."
بە گوتەی ئەو عومرەکارە، ژمارەیان زۆرە و نزیکەی 500 کەسێک دەبن کە بڕیار بووە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بگەڕێنەوە، بەڵام بەهۆی راگرتنی کارەکانی کۆمپانیای فلای بەغدا لە شاری مەدینەی سعودیە گیریان خواردبوو.
دیدار دڵشاد گوتی، "عومرەکارەکان خەڵکی هەولێر، دهۆک و سلێمانیشیان تێدایە، بەڵام ئەوەی من بە گرووپی ئێمە گوتراوە هەمووان بە ناچاری دەگەڕێندرێنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، ئیدی نازانم ئەوانی دیکە چۆن دەبێت و کەی و دەگەڕێندرێنەوە کوێ؟"
کۆمپانیای فلای بەغدا کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانیی عێراقییە و رۆژی 22ـی ئەم مانگە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بەتۆمەتی گواستنەوەی چەک و چەکدار و بەقاچاخبردنی دۆلار لە عێراقەوە سزای بەسەردا سەپێندرا و خرایە لیستی سزاکانەوە.
دوێنێ فلای بەغدا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بە ملکەچبوون بە بڕیاری حکومەت و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆمپانیاکە بە تەواوی بە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانبەران و سەرۆکی جێبەجێکارەوە پابەندی ئەو بڕیارە دەبین کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە دەرچووە بۆ راگرتنی سەرجەم گەشتەکان لەم ساتەوە تاوەکو ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ سەرۆکی جێبەجێکار و بەڕێوەبەرێتیی کۆمپانیاکە لەلایەن لیژنەی هاوبەشەوە تەواو دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ