رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایەکی ناڕازیی خەڵکی سلێمانی رایگەیاند، نزیکەی هەزار مامۆستا بەرەو بەغدا بەڕێکەوتوون و بەشێکیان لە رێگەی کەرکووک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگرییان لێدەکرێت. نوێنەرێکی وانەبێژان لە کەلاریش دەڵێت، تەنیا لە گەرمیان بەیانیی ئەمڕۆ نزیکەی 300 مامۆستا بەڕێکەوتوون و لە بازگەی کوڵەجۆ رێگرییان لێکراوە بچنە ژوورەوە.
رۆژی یەکشەممە، 26-11-2023، عادل حەسەن، مامۆستای ناڕازیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەیانی ئەمڕۆ نزیکەی هەزار مامۆستا لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بەرەو بەغدا بەرێکەوتوون، بەڵام بەشێکمان لەکەرکووک لەلایەن هێزە ئەمنییەکان رێگریمان لێدەکرێت."
نەبەرد ئەحمەد، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی میلاک لە کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەیانیی ئەمڕۆ نزیکەی 350 مامۆستا لە پەروەردەکانی کەلار، دەربەندیخان، کفری و خانەقین بەرەو بەغدا بەڕێکەوتوون بۆ ئەوەی گردبوونەوەکانیان ببنە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا.
مامۆستایانی سنووری گەرمیان، کاژێر 6:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ بەرەو بەغدا بەڕێکەوتوون، بەڵام لە بازگەی کوڵەجۆ لە دیوی سوپای عێراق رێگرییان لێدەکرێت بچنە ژوورەوە بە بیانووی ئەوەی فەرمانیان پێکراوە رێگە بە چوونە ژوورەوەی هیچ مامۆستایەک نەدەن.
نەبەرد ئەحمەد گوتی، "لە بازگەی قەڵا لە جەلەولا - کەلار، رێگریمان لێکراوە بچینە ژوورەوە، بەڵام بڕیارە ئێستا ئامر لیوا بێت و بەئەگەری زۆرەوە رێگەمان پێ دەدات بچینە ژوورەوە."
نەبەرد ئەحمەد، لەبارەی داواکارییەکانیان گوتی، "داواکارییەکانمان لە بەغدا دەگۆڕدرێت یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانمان ئەوەیە بەغدا راستەوخۆ لە رێگەی بانکە حکومییەکانییەوە مووچە دابەش بکات و مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران دووربخرێتەوە لە ململانێی سیاسیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق."
رۆژی شەممە، 25-11-2023، کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی وانەبێژان لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژی شەممە نزیکەی 50 مامۆستا لە چەمچەماڵ رۆیشتوونەتە بەغدا و بەشێکی دیکە لە مامۆستایان بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان رۆشتوون، بەگشتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بە هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین بڕیارە نزیکەی هەزار بۆ هەزار و 200 مامۆستا بچنە بەغدا."
لەبارەی داواکارییەکانیان، کارۆخ عەبدولڵا دەڵێت، "لە بەغدا داواکارییەکانمان زیاتر روو لە حکومەتی عێراقە، یەکێک لە داواکارییەکانمان ئەوەیە حکومەتی عێراق نزیکەی 300 هەزار وانەبێژی کردە هەمیشەیی پشکی هەرێمی کوردستانی تێدا نەبوو، دووەم؛ چیدی بابەتی مووچە نەخرێتە نێو ململانییەکان، سێیەم، پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایانی میلاک ئەوە جگە لەوەی مامۆستایانی ناڕازیی داوا دەکەن راستەوخۆ بەغدا مووچەکانیان دابەش بکات."
هاوکات، محەممەد کەمال، یەکێک لە نوێنەرانی وانەبێژان لە چەمچەماڵ بە رووداوی گوت، "رۆژی شەممە 50 مامۆستا لە چەمچەماڵ بۆ بەغدا بەڕێکەوتن جگە لەوەی نزیکەی 15 مامۆستا بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان رۆشتوون و بە دیاریکراوی دیار نییە چەند کەس لە بەغدا ئامادە دەبن، بەڵام بڕیارە نزیکەی 150 وانەبێژ و میلاک لە بەغدا ئامادەبن."
بە گوتەی محەممەد کەمال، بڕیارە هەر ئەمڕۆ یەکشەممە لە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵا لەبارەی شێوازی دابەشکردنی مووچە تۆماربکەن. لەبارەی داواکارییەکانیان دەشڵێت، "گەڕانەوەی پاشەکەوت، دابەشکردنی مووچە 30 رۆژ جارێک، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران."
13ـی ئەیلوول، وەرزی خوێندنی ساڵی 2023 - 2024 لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد؛ لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ دەرگەی قوتابخانەکان کراوەیە، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە قوتابخانەکان نەکراونەتەوە (جگە لە پۆلی 12) و تاوەکو ئەمڕۆش بایکۆتی وانەبێژان و مامۆستایانی دامەزراو بەردەوامە.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابییان، دەوامیان نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ