ئاوارەیەکی خورماتوو: خێمەیەکیشمان هەڵدابێت لە رۆژی سەرژمێری دەگەڕێینەوە شارەکەمان

28-10-2024
هونەر حەمید
بەشێکی ئاوارەکانی خورماتوو دەڵێن لە رۆژی سەرژمێری دەگەڕێنەوە شارەکەیان
بەشێکی ئاوارەکانی خورماتوو دەڵێن لە رۆژی سەرژمێری دەگەڕێنەوە شارەکەیان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

مامۆستا هەوار داودی لە دوای هێرشەکانی 16 ئۆکتۆبەر، ماڵی دایکی لە خورماتوو تەقێندرایەوە و خانووەکەی خۆیشی تاڵانکرا، هەر لەو کاتەوە لە کەلار نیشتەجێن و نەگەڕاونەتەوە ئەو شارە، بەڵام لە گەمارۆسازیدا خۆیان لە خورماتوو تۆمارکردووە و رۆژی سەرژمێری دەگەڕێنەوە شارەکەیان.
 
هەوار داودی، ئاوارەی خورماتوو بە رووداوی گوت "ئێمە، بۆ پاراستنی کوردبوونی ئەو شارە (خورماتوو) خوێنمان داوە. لە 20-11 ئەگەر خێمەیێکمان لەسەر خانووە رووخاوەکەی دایکم هەڵدابێت، هەر دەچینەوە بۆ سەلماندنی کوردبوونی شارەکە. کورد زۆرینەیە لەو شارە."
 
هاونیشتمانیێکی دیکەی ئاوارەی خورماتوو، کە نایەوێت رووخساری لە کامێرا دەربکەوێت، نزیکەی حەوت ساڵە لە گوندێکی ئیدارەی گەرمیان دەژی. لە هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، حەشدی شەعبی ماڵەکەیان تەقاندووەتەوە، دەڵێت ئەگەر بگەڕێتەوە زێدی باوباپیرانی، دەستگیردەکرێت.
 
ئەو ئاوارەیەی خورماتوو بە رووداوی گوت "من، ناگەڕێمەوە. ناتوانم بگەڕێمەوە. نەک من، دەیان کەسی وەک من هەن کە ناتوانن بگەڕێنەوە. من، خانووەکەم تەقێندراوەتەوە، کێ گەرەنتیی ئەوە دەکات بڕۆمەوە بۆ سەرژمێری و بە مادەی 4ـی تیرۆر لەقەڵەمم نەدەن؟"
 
کۆتایی ئەم مانگە قۆناخی گەمارۆسازی و ژمارەلێدان تەواو دەبێت، ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە ناوچەکانی خۆیان لە سەرژمێری گشتی تۆماربکرێن، دەبێت لە 20-11-2024 لە شارەکانی خۆیان بن.
 
سەلام نووری، ئاوارەیێکی دیکەی خورماتوو دەڵێ "خۆمم تۆمارکردووە لە خورماتوو، رۆژی سەرژمێریش دەگەڕێمەوە بۆ خورماتوو و لەوێ ناوی خۆم تۆمار دەکەم. داوادەکەم خەڵک بگەڕێنەوە."
 
قەزای خورماتوو یەکێک لەو ناوچانە بوو کە لە 16ـی ئۆکتۆبەر زۆرترین زیانی پێگەیشت. پەرلەمانی کوردستان لەو کاتەدا پرۆسە سەربازییەکەی عێراقی بە جینۆساید ناوبرد؛ ئەو پرۆسەیەی بووە هۆی تەقاندنەوەی 98 خانوو، نزیکەی سێ هەزار باڵەخانە، کۆگە و خانووی هاونیشتمانیان تاڵانکران و سووتێندران.
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەری سەرژمێری، قۆناخی گەمارۆسازی لە 95٪ـی گەڕەکە کوردییەکانی خورماتوو تەواو بووە. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە