رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، لە کاژێر 12:00ی ئەمڕۆوە تاوەکو 2ی مانگی داهاتوو کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەسەر شەقامی 150 مەتری وەکو تاقیکردنەوە بەکاردەخرێت، لە دوای 2ی مانگیشەوە سەرپێچی تۆمار دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە 26-10-2023 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، "بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتی لەسەر رێگەوبانەکان و پابەندکردنی شۆفێران بە رۆیشتن بە خێراییەکی دیاریکراو لەسەر شەقام و رێگەوبانەکان، لە کاژێر 12:00 تاوەکو 2ی تشرینی دووەم، سەرجەم کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لەسەر شەقامی 150 مەتری وەکو تاقیکردنەوە بەکاردەخرێن."
بەپێی ئاگادارییەکەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر، لەدوای 2ی مانگەوە، واتە لە هەفتەی داهاتووەوە، کامێراکان سەرپێچیی خێرایی زیاد لە رێگەپێدراو تۆمار دەکەن، بۆیە داوا لە شۆفێران دەکات، "تکایە ئاگاداربن بۆ پاراستنی خۆتان و ئازیزانتان و سەروماڵتان، پابەندی رۆیشتن بن بەو خێراییەی کە بە هێماکانی هاتووچۆوە دیاریکراوە."
بەکارخستنی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە شەقامی 150 مەتری لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە 15-10-2023 بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، لە 22ی مانگەوە سەرجەم کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ بە درێژایی شەقامەکە لە شەقامی 120 مەتریی شاری هەولێر دەخرێنەکار.
کامێرای 'خاڵ بۆ خاڵ' لە پارێزگای هەولێر، سەرەتا لە شەقامی 120 مەتری دانرا، کە یەکەمجار لەڕێگەی کەرکووک بۆ بنەسڵاوە لەسەر شەقامەکە دانرا و کەوتەکار، لە قۆناخی دووەم لە رێگەی کەرکووک بۆ رێگەی موسڵ بە هەردوو ئاراستە کەوتەکار، لە 22ی ئەم مانگەوە سەرجەم کامێراکانی شەقامەکە کەوتنەکار.
بۆ کۆنترۆڵکردنی خێرایی ئۆتۆمبێل لە شەقامەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای ئێرلی فیوچهر کردووە بۆ دانانی نزیکەی 500 کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی کە بە شێوەی 'خاڵ بۆ خاڵ' کار دەکەن.
بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی لەنێوان کۆمپانیای ئێرلی فیوچهر و وەزارەتی ناوخۆ کراوە، سەرەتا داهاتی ئەو کامێرایانە 70% بۆ کۆمپانیا و 30%ی بۆ حکومەت دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ