دەیەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتیی هەولێر بەڕێوەدەچێت و بەشێکی شەقامی 60 مەتری دادەخرێت

26-10-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، بەهۆی بەڕێوەچوونی ماراسۆنی نێودەوڵەتیی هەولێر، سبەی بۆ ماوەی پێنج کاژێر دیوی دەرەوەی شەقامی 60 مەتری بەڕووی شۆفێراندا دادەخرێت. سەرۆکی رێکخراوی ئەربیل ماراسۆنیش دەڵێت، زیاتر لە 3000 کەس بۆ بەشداریکردن لە ماراسۆنەکە ناویان تۆمار کردووە.
 
رۆژی پێنجشەممە 26-10-2023 بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، "بەهۆی بەڕێوەچوونی ماراسۆنی نێودەوڵەتیی هەولێر سبەی هەینی کاژێر 7:30ی بەیانی بۆ 12:30 نیوەڕۆ، دیوی دەرەوەی شەقامی بازنەیی 60 مەتری بەڕووی شۆفێراندا دادەخرێت."
 
هاتووچۆی هەولێر شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە، لە ماوەی چەند کاژێری داخستنەکە، دەتوانن شەقامە لاوەکییەکانی هاوڕێک لەگەڵ 60 مەتری وەکو رێگەی جێگرەوە بەکاربهێنن.
 
بڕیارە رۆژی هەینی 27-10-2023  دەیەمین ماراسۆنی نێودەڵەتیی هەولێر بەڕێوەبچێت. رێکخراوی ئەربیل ماراسۆن، کە سەرپەرشتی ئەم چالاکییە وەرزشییە دەکات، ئەمساڵ چالاکییەکانی بەسەر 3 ئاستدا دابەشکردووە کە بریتین لە ماراسۆنی گەورە کە 42 کیلۆمەترە لەگەڵ راکردنی 12 کیلۆمەتر و 2 کیلۆمەتر. لە 20ـی مانگەوە لە رێگەی 3 بنکە و بەشێوەی ئەلیکترۆنی ناو تۆمارکردن بۆ ئارەزوومەندانی ماراسۆن دەستیپێکردووە.
 
عەبدولستار عیسمەت، سەرۆکی رێکخراوی ئەربیل ماراسۆن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئامادەکاریمان بۆ بەشداری پێنج هەزار کەس کردبوو، تائێستاش زیاتر لە سێ هەزار کەس ناویان نووسیوە. پێشبینی دەکەین ژمارەکە زیاتریش ببێت چونکە ناونووسین تاوەکو کاژێر 6:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت."
 
بە گوتەی سەرۆکی رێکخراوی ئەربیل ماراسۆن، خەڵکی بیانیش بەشداری لە ماراسۆنەکە دەکەن و دەڵێت، "بیانیمان هەیە تایبەت لە وڵاتانەوە هاتوون بۆ ئەوەی بەشداری لە ماراسۆنەکە بکەن، ژمارەیەکی زۆری بیانیش کە لێرە کاردەکەن بەشدارن بە نموونە کۆنسووڵی گشتی بەریتانیا بەشداری دەکات."
 
لەبارەی تەمەنی ئەوانەی بەشداری ماراسۆنەکە دەکەن، عەبدولستار عیسمەت، دەڵێت، "راکردنی 2 کیلۆمەتر بۆ هەموو تەمەنێکە، بەڵام  بەشداربووانی راکردنی 12 و 42 کیلۆمەتر دەبێت تەمەنیان لە 15 ساڵ زیاتر بێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.