رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، تاوەکو 07-08-2023، دەرفەت هەیە بۆ خۆتۆمارکردن لە تۆماری دەنگدەران. لەبارەی وەڵامی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 18ـی شوباتی 2023ـیش گوتی، "تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەداوەتەوە، ئەگەر تاوەکو 1ـی 8 وەڵامیان نەبێت، وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن زیاتر دوادەکەوێت."
رۆژی چوارشەممە، 26-07-2023، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق میوانی بووڵتەنی نیڤرۆژی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، تۆماری دەنگدەران و هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کرد.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی عێراق لەبارەی ئەو پارتانەی تۆمارکراون گوتی، "لە 2015ـەوە تاوەکو ئێستا 281 حیزب و پارتی تۆمارکراو لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەن و هەموو ئەوانە مافی ئەوەیان هەیە بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکەن، بەڵام ئەوانەی دەیانەوێت دووبارە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن دەتوانن سەردانی فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان بکەن ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن دەرببڕن و لیستی کاندیدانیان پێشکێش بکەن، بەڵام دەبێت هەندێک رسووماتی دارایی و هەندێک رێكاری کارگێڕی و یاسایی جێبەجێ بکەن."
بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، 14 هاوپەیمانی نوێ تۆمارکراون، لەبارەی ژمارەی دەنگدەرانیش جومانە غەلای دەڵێت، "لە 15 پارێزگای عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان، ژمارەی دەنگدەران لە 23 ملیۆن زیاترە و تائێستا نزیکەی 16 ملیۆن کەس لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بایۆمەترییان کردووە."
لە 9ـی تەممووزەوە پڕۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکردووە و بە گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی عێراق، لەو رێککەوتەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 25 هەزار کەس و بۆ دەنگدانی تایبەتیش 500 کەس کارتی بایۆمەترییان بۆ کراوە و دەشڵێت، "دەرکردنی کارتی بایۆمەتریش هەر لە 2020ـەوە بەردەوامە و رانەگیراوە و لەکاتی کۆرۆناش بنکەکان بۆ ئەو مەبەستە کراوەبوون."
جومانە غەلای ئاماژەی بەوەشکرد، لە 15 پارێزگای عێراق کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق 906 بنکەی بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران داناوە و بۆ ئاسانکاری بۆ گەڕەکە دوورە دەستەکان، دامەزراوەکانی دەوڵەت و خاوەن پێداویستیی تایبەت زیاتر لە 1800 تیمی گەڕۆکیان پێکهێناوە، بۆیە کۆمیسیۆن هەموو ئاسانکارییەکی کردووە.
بە گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بێت، هەر کەسێک کارتی کاتی هەبێت، دەبێت بیکات بە بایۆمەتری، چونکە دەنگدەر بەبێ بایۆمەتری ناتوانێت بەشداریی هەڵبژاردن بکات و دەڵێت، "لەدایکبووانی 2004 و 2005 دەبێت ناوی خۆیان تۆمار بکەن، بۆ ئەوەش دەتوانن سەردانی نزیکترین بنکەی دەنگدان بکەن."
بەگوێرەی ئەو وادەی کۆمیسیۆنی عێراق دیاریکردووە تاوەکو 07-08-2023 دەرفەت هەیە بۆ خۆتۆمارکردن لە تۆماری دەنگدەران، جومانە غەلای دەڵێت، " ئەو بەروارە درێژنەکراوەتەوە و تاوەکو ئەو وادەیە لە بەردەستی دەنگدەردایە، هەر کەسێکیش ناوی لە تۆماری دەنگدەراندا نەبێت بۆی نییە دەنگ بدات، بەڵام دەنگدەر دەتوانێت شوێنی دەنگدانی خۆی بگۆڕێت."
لەبارەی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان کە لە پارێزگاکانی دهۆک، سلێمانی و هەولێرن، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی عێراق دەڵێت، "ئەو ئاوارانەی لە دەرەوەی کامپەکانن دەبێت بگەڕێنەوە پارێزگاکان بۆ ئەوەی دەنگبدەن، بەڵام ئەوانەی لە ناو کەمپەکان لە بنکەکانی نێو کامپەکان دەتوانن دەنگبدەن، ئاوارەکانی شنگال دەتوانن ئەگەر دەیانەوێت لە بنکەکانی کامپەکان یان لە پارێزگاکانیان دەنگبدەن بۆ ئەوان هەردوو حاڵەت دەبیت."
"هیچ نووسراوێکی فەرمیمان لە هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان پێنەگەیشتووە"
بە گوتەی جومانە غەلای، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران هیچ نووسراوێکی فەرمی بەدەست نەگەیشتووە لەبارەی وادەی پێشنیازکراوی کۆمیسیۆن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە کۆمیسیۆن پێشنیازی ئەوەی کردووە رۆژی 18-02-2024 یان هەر وادەیەکی دیکە دوای ئەو رێککەوتە هەڵبژاردن بکرێت، بۆیە کۆمیسیۆن پێویستی بە دەرکردنی مەرسوومی هەرێمی هەیە لە 01-08، بۆ ئەوەی دەست بە خشتە کارکردنی بکات و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 18-02-2024 بەڕێوەببات.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی عێراق دەشڵێت، "ئەگەر ئەو مەرسوومە هەرێمییە دوابکەوێت، وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنیش دوادەکەوێت، چونکە ئەوکات بەپێی پێوەرەکان نابێت، بەوپێیەی پرۆسەی نوێکردنەوەی دەنگدەران مانگێکی پێویستە، تۆمارکردنی قەوارە و پارتەکان مانگێکی پێویستە، هەروەها هاوپەیمانیی و چاککردنی کارتەکان و پرۆسەکانی دیکە کاتیان دەوێت."
لەبارەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان گوتەبێژی کۆمیسیۆن گوتی، " کار دەکرێت و پڕۆسەکە رانەوەستاوە، لە هەولێر تۆماری زیاتر لە 10 هەزار و 928، دهۆک حەوت هەزار و 296 و تۆماری سلێمانی 11 هەزار و19 ودەنگدەر نوێکراونەتەوە و پڕۆسەکە بەردەوامە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ