رووداو دیجیتاڵ
40 هەزار ئاوارەى ناوچە کوردستانیيەکان ماون قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام لە هەشت مانگى کاراکردنەوەى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 ى دەستووردا، 77%ـى پارەى لیژنەکە بۆ دەرەوەى ناوچە کوردستانیبەکانە خەرجکراوە.
یەکلاکردنەوەى خاوەندارێتى زەوییەکان لە کەرکووک چاوەڕێى یاسایەکە لە پەرلەمانى عێراق کە لە دەنگداندا "پەکخرا" و تێیدا قەرەبووى بەشێک لە هاووڵاتییان بە نرخى زێر دەخەمڵێندرێت.
هەزاران دۆنم زەویى کشتوکاڵى، لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، چارەنووسی خاوەندارێتییان یەکلا نەکراوەتەوە، دوو هەفتەیە ئەو پرسە لە پەرلەمانى عێراق گەرم بووە.
22ى ئایار، لە پەرلەمان دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسایەک دواخرا، ئەگەر پەسند بکرایە، هەزاران دۆنم زەویی کوردى دەگەڕاندەوە بۆ خاوەنەکانیان، کە بەر لە 49 ساڵ بە هەشت بڕیار لێیان داگیرکراوە.
کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 لەکاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق گوتى: "نۆیەم بڕیار نەخراوەتەوە لیستى ئەوانەى هەڵبوەشێندرێتەوە کە تایبەت بووە بە گۆڕینى سنوورى کارگێڕیى کەرکووک".
نزیکەى 900 هەزار دۆنم زەوى لە کەرکووک بە بڕیارى جیاواز لە هاونیشتیمانیانى کورد داگیرکراون.
رەشنووسى ئەو پڕۆژە یاسایە رێگرى لە گەڕاندنەوەى ئەو زەوییانەى کورد دەکرد کە لە سەردەمى دەسەڵاتى حیزبى بەعس بە "زۆرەملێ" قەرەبوو کراونەتەوە، کاکەڕەش سدیق دەڵێت: "زەوى هەبووە دینار و نیوێکى ئەوکاتە بۆ قەرەبووکردنەوەى دانراوە، بەڵام خاوەنەکەى وەری نەگرتووە و لە دۆسیەکەشیدا بە قەرەبوو تۆمار کراوە".
بۆ چارەسەرى کێشەى قەرەبووى"زۆرەملێ"، پێشنیازکراوە خەمڵاندنى پارەى قەرەبووەکەى بە نرخى زێرى کاتى قەرەبووکردنەوەکە بۆ بکرێت، چەند بوو؛ نرخى ئێستاى هەمان بڕى زێر بدات و زەوییەکەى وەربگرێتەوە.
لە خشتەى بودجەى 2024، بڕى پارەى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 بە 224 تریلیۆن و 750 ملیۆن دینار دانراوە، ساڵى 2023 پارەکەى 200 ملیار دیناربووە.
بەگوتەى ئەو بەرپرسە پەیوەندارانەى رووداو قسەى لەگەڵ کردوون، ئەو بڕە پارەیە بەراورد بە دۆسیەکانى قەرەبووکردنەوەى ئاوارە و عەرەبە هاوردەکان کەمە. کاکەڕەش سدیق گوتى: "بۆ ئەوە داواکارییەکمان بۆ ئەنجوومەنى وەزیران بەرز کردووەتەوە".
بودجەى ئەم ساڵى مادەى 140، بەشی 22 هەزار و 879 ئاوارە دەکات، بەڵام زیاتر لە 40 هەزار کەس ماون قەرەبوو بکرێنەوە.
لە ساڵى 2023 کە لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 کارا کرایەوە، تاوەکو نێوەڕاستى مانگى نیسانى رابردوو، 2206 چەکى قەرەبووکردنەوەى ئاوارەکان لە کەرکووک و855 چەکى دیکە لە خانەقین خەرج کراون.
لەو ماوەیەدا 1271 عەرەبی هاوردە بە 20 ملیۆن دینار قەرەبوو کراونەوە، کە دەکاتە نیوەى ئاوارە قەرەبووکراوەکان لەو ماوەیەدا.
لەو هەشت مانگەدا، زیاتر لە 15 هەزار کەس لەسەر مادەى 140 لە پێنج پارێزگاى نێوەڕاست و باشوورى عێراق قەرەبوو کراونەتەوە بە ناوى زیانلێکەوتووانى شەڕى ئێران و عێراق، بڕى 150 ملیار دیناریان لەو 200 ملیار دینارە بردووە کە بۆ قەرەبووى مادەکە بۆ 2023 تەرخانکرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ