شارەوانیی سلێمانی: کۆمەڵێک پرۆژەمان خستووەتە ئەستۆی کۆمپانیای قەیوان

26-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، رەزامەندییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی گرووپی کۆمپانیای قەیوان "پرۆژەی بەرزاییەکانی سلێمانی" جێبەجێ بکات و لە بەرامبەریشدا کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوازارییان خستووەتە ئەستۆی کۆمپانیاکە. 
 
بەڕێوەبەری پرۆژەکانی گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوانیش دەڵێت: "هەموو رێکارە یاساییە پێویستەکان گیراونەتەبەر و تێچووی هەموو ئەو پرۆژانەی کە دەبێ کۆمپانیای قەیوان جێبەجێیان بکات، نزیکەی 50 ملیار دینارە."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ی ئایاری 2024، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و نوێنەرەکانی گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان، جێبەجێکردنی چەندین پرۆژە لەو شارە راگەیێندرا.
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند، بۆ پرۆژەی بەرزاییەکانی سلێمانی، سەرجەم رێکارە یاساییەکان جێبەجێ کراون، "هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت وەک؛ بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ، بەڕێوەبەرایەتیی ژینگە، دەستەی وەبەرهێنان، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە رەزامەندیان دەربڕیوە."
 
زەردەشت رەفیق گوتی، لە بەرامبەر جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە، شارەوانیی سلێمانی کۆمەڵێک پرۆژەی خستووەتە ئەستۆی کۆمپانیای قەیوان، یەکێک لەو پرۆژانە دروستکردن و فراوانکردنی شەقامێکە کە ساڵانە رووداوی زۆری هاتووچۆی لێدەوکەوتەوە، هەروەها فراوانکردنی رووبەری سەوزایی شارەکە، کە پارەیەکی زۆری بۆ تەرخان کراوە.
 
گوتیشی، بەڵێننامەیان لێوەرگیراوە کە دەبێ ئەو پرۆژانە جێبەجێ بکرێن؛ "بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان شارەوانی و کۆمپانیاکە کراوە، ئەگەر لە شوێنی پرۆژەکە تەنانەت یەک داریشی لێبێ، کۆمپانیاکە ناتوانێ دەستکاری بکات و دەبێ دارەکە لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە".

 

ئاماژەی بە جێبەجێکردنی حەوت پرۆژەی "گەورە و گرنگ" لە شاری سلێمانی لە سەردەمی سەرۆکایەتیی لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی کرد و پرۆژەکانی یەکتربڕی بەختیاری، یەکتربڕی ئارام، بەرزەپردی حەپسەخانی نەقیب، ئەندەرپاسی فارووق، شەقامی 30 مەتریی دابان، بە نموونەی ئەو پرۆژانە هێنایەوە.
 
شاباز سدیق، بەڕێوەبەری پرۆژەکانی گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوانیش لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند، یەکێک لەو پرۆژانەی کە کۆمپانیاکە جێبەجێ دەکات بریتییە لە شەقامی جووتسایدی تونێلی پێشرەو کە بە "شەقامی مەرگ" ناسراوە و چەندین رووداوی نەخوازراو و کارەساتی لێکەوتووتەوە و رووداوی گیانلەدەستدانی تێدا بووە.
 
شاباز سدیق گوتی: "لە سەر راسپاردەی سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی و دوای دیزانکردنی پرۆژەکە هەستاین بە گرتنە ئەستۆی ئەم پرۆژەیە و جێبەجێکردنی لەسەر ستاندەر و رێکارە ئەندازیارییەکانی کە رێگر بێت لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانە. تێچووی تەواوی پرۆژەکە کە نزیکەی دوو کیلۆمەترە، لە سەر ئەستۆی کۆمپانیای قەیوانە."
 
گوتیشی: "پرۆژەیەکی دیکەش هاوتەریبی پرۆژەکە جێبەجێ دەکرێت کە بەشێکە لە شەقامی 100 مەتری کە دەکەوێتە بەشی پشتەوەی پرۆژەی بەرزاییەکانی سلێمانی و دوو یەکتڕبر لەخۆ دەگرێت، کە رێگر دەبێت لە دووبارەبوونەوەی ئەو گرفتانە. هەروەها پرۆژەی شەقامی 100 مەتری دەبێتە بەشێک لە شەقامی 100 مەتری و یەکگرتنەوەی کە بە پشتی پرۆژەی چاڤیلاند و پرۆژەی شاری گوێژەدا دەروات و یەکدەگرێتەوە لەگەڵ یەکتربڕی دەمرکان، کە ئێستا وەکوو بەشی یەکەمی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری، لە لایەن کۆمپانیاکەمانەوە جێبەجێ دەکرێت. مەزەندە دەکرێت تێچووی ئەم پرۆژانە لە نێوان 15 بۆ 20 ملیار دینار بێت."
 
لەبارەی جێبەجێکردنی پرۆژەی 100 مەتریی شاری سلێمانی، بەڕێوەبەری پرۆژەکانی گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان ئاماژە بەوە دەکات کە نزیکەی 60 بۆ 65٪ی پرۆژەکە جێبەجێ کراوە و گوتی: "بەنیازین 25 کیلۆمەتر لەو پرۆژەیە کە لە تاسلوجەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە تانجەڕۆ، تەواو بکەین. شەقامەکە ئێستا لە قۆناغی قیرتاوکردندایە، 10 کیلۆمەترمان قیرتاو کردووە، بەنیازین تا کۆتایی ساڵ 15 کیلۆمەتری دیکە کە تێکرا دەکاتە 25 کیلۆمەتر تەواو بکەین و لە بەهاری ساڵی داهاتوودا بە رووی خەڵکدا بکەینەوە."
 
جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەک لە بەرزاییەکانی گۆیژە لە سلێمانی، ناڕەزایەتی رێکخراوەکانی ژینگە و هاونیشتمانییانی لێکەوتەوە و دەنگدانەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەبوو. بەشێک لە هاونیشتمانییان بە تێکدانی سیمای سلێمانیی دەزانن.
 
رەتیدەکاتەوە جێبەجێکردنی پرۆژەی بەرزاییەکانی سلێمانی ببێتە هۆی تێکدانی سیمای شاری سلێمانی و دەڵێت، ئەو پرۆژانە بە مەبەستی خزمەتکردنی شاری سلێمانی و بۆ جوانترکردنی سیمای شارەکەیە. دەشڵێت، "بە پێی پلانی پرۆژەکە 30٪ی رووبەری پرۆژەکە دەکرێتە سەوزایی، لە کاتێکدا ئێستا لەو شوێنە هیچ دار و سەوازییەکی لێ نییە، هەروەها هەموو رێکارە یاساییە پێویستەکان گیراونەتە بەر."
 
سەبارەت بە تێچووی کۆی پرۆژەکانیش، بەڕێوەبەری پرۆژەکانی گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان دەڵێت: "کۆی گشتیی تێچووی ئەو پرۆژانەی کە دەبێ کۆمپانیاکە جێبەجێیان بکات، بە نزیکەی 50 ملیار دینار دەخەمڵێندرێت."
 
زانا ئەحمەد، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەی جووتسایدی هەواری شار بۆ تونێلی پێشڕەو لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند، شەقامەکە فراوان دەکرێت و بە هیچ جۆرێک پرۆژەی دیکە لێ جێبەجێ ناکرێت.
 
بە گوتەی زانا ئەحمەد، لەو پرۆژەیەی ئێستادا نزیکەی 30٪ی رووبەری پرۆژەکە کە دەکاتە 100 دۆنم زەوی، دەکرێتە سەوزایی و ئاماژە بەوە دەکات کە پێشتر 300 دۆنم زەوییان لە شاخی گوێژە کردووەتە سەوز، کە خزمەتکردن و ئاودانەکەشی کەوتووەتە سەر ئەرکی کۆمپانیای قەیوان.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شارەزوور.

قایمقامی شارەزوور: قوتابخانەمان هەیە 97٪ی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام لەبەر پارەیەکی کەم راگیراوە

رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە کێشە و گرفتەکانی سنووری قەزای شارەزووری کردو رایگەیاند، قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینەیی گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین، "بەجۆرێک زۆرینەی ئەو پرۆژانەی هەمانن بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون".