رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمساڵ ئەو کەسانە بەشداری حەج دەکەن کە ساڵانی رابردوو ناویان لە تیروپشک دەرچووە، بۆیە پێویست ناکات هیچ کەسێک بە "واستە و واستەکاری" بۆ ناو تۆمارکردن سەردانمان بکات.
رۆژی یەکشەممە 26-2-2023، کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمساڵ تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن حەج بکەن کە ساڵانی رابردوو ناویان لە تیروپشک دەرچووە و نەیانتوانیوە حەج بکەن، بۆیە پێویست ناکات هیچ کەسێک بۆ واسته و واستهكاری سهردانمان بكات چونكه هەر كهسێک ناوی له تیروپشک نهبێت بهشداری حهج ناكات."
ساڵی رابردوو دوو هەزار و 112 کەس لە هەرێمی کوردستان فەریزەی حەجیان کرد. بەگوتەی کاروان ستوونی، ئەمساڵ چوار هەزار 685 کەس دەتوانن حەج بکەن، ئەویش ئەو کەسانەن کە ساڵانی رابردوو بەهۆی تەمەن و بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە نەیانتوانیوە حەج بکەن، یاخود ئەو کەسانەن کە یەدەگ بوون.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گوتیشی، ئەگەر ئەمساڵ ئەو کەسانەی ساڵانی رابردوو بنێردرێن بۆ حەج، ئەوا بۆ ساڵی داهاتوو بەشێوەی ئەلیکترۆنی ناوی نوێ تۆمار دەکەن و هەر بە ئەلیکترۆنی تیروپشکی بۆ دەکەن.
ماوەی دوو ساڵ بەھۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا رێگە بە حاجییانی کوردستان نەدرا حەج بکەن. بەگوێرەی مەرج و رێنمایی حکومەتی سعودیە، بڕیاریدابوو بۆ ساڵی 2022 پێشوازی لە ملیۆنێک کەس لە ناوخۆ و دەرەوە بکات، لە کاتێکدا ساڵی 2019 پێشوازی لە ملیۆنێک و 500 هەزار کەس کرد.
رۆژی 9-1-2023 لە کۆنگرەی حەج و عومرە لە جەدە بڕیاردرا حەجکردن بۆ وەرزی پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بگەڕێتەوە و سەرجەم مەرجەکان هەڵگیران لەوانە تەمەن و پشکنین و رێکارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەمکردنەوەی ژمارەی ئەوانەی دەچوون بۆ حەجکردن.
ئەمساڵ سعودیە پێشوازی لە دوو ملیۆن حاجی دەکات، پشکی عێراق لەو ژمارەیە 33 هەزار و 690 حاجییە لە نێو ئەو ژمارەیەش پشکی هەرێمی کوردستان 4685 حاجییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ