کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ رووداو: تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک هیچ کێشەیەکی نییە

25-11-2023
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن کەرکووک هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەسەر تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک هاتە دەنگ و دەڵێت، هەڵبژاردن لە هیچ پارێزگاکایەک دواناخرێت بە کەرکووکیشەوە.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ (شەممە، 25-11-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک هیچ کێشەیەکی نییە؛ کۆمیسیۆن پێداچوونەوە و وردبینی بۆ کردووە و تۆمارێکی خاوێنە."
 
عیماد جەمیل گوتی، "بۆ وردبینی لە تۆمارکە، لیژنەیەک لە کۆمیسیۆن، وەزارەتەکانی بازرگانی، تەندروستی، ناوخۆ و داد لەگەڵ پەرلەمانتارانی پێکهاتەکانی کەرکووک پێکهات؛ دواتر تۆمارەکە بۆ تانەدان راگەیێندرا و هیچ حیزب و کەسێک تانەی لێ نەدا. بۆیە تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک خاوێنە و کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو پشتی پێدەبەستێت."  
 
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە یەک کاتدا بەڕێوەدەچێت. نابێت هەڵبژاردن لە هیچ پارێزگایەک دوابخرێت، نە لە کەرکووک و نە لە هیچ پارێزگایەکی دیکە."
 
رۆژی 01-11-2023، بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد. بڕیارە هەڵبژاردنەکە لە 18-12-2023 بەڕێوەبچێت. 
 
ئەم گوتەیەی عیماد جەمیل لەکاتێکدایە، دوو بەربژێری عەرەب و تورکمان لە کەرکووک لە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵایان دژی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک تۆمار کردووە و داوا دەکەن هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک دوابخرێت.
 
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە رۆژی دووشەممە (27-11-2023) دادگەکە بۆ تاوتوێکردنی دوو سکاڵای تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک کۆببێتەوە کە دژی تۆماری دەنگدەران و لەسەر سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکراون.
 
سکاڵایەکیان لەلایەن سەفوەت ساڵح بەنا، بەربژێری بەرەی یەکگرتووی تورکمانی عێراقەوە تۆمارکراوە و داوادەکات دادگەکە کۆمیسیۆن پابەندبکات بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک تاوەکو ئەو کاتەی تۆمارێکی وردی دەنگدەران دەکرێت. سکاڵای دووەم لەلایەن نەجاح حەسەن تائی، بەربژێری هاوپەیمانیی قیادەی سوننەکان تۆمارکراوە و هەمان داواکاریی هەیە. 
 
ئاکۆ سلێمان، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای کەرکووک، رۆژی 24-11-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو دوو سکاڵایە، هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕن. بەشێک لە بەربژێرەکانی تورکمان و عەرەب لە ترسی دەرنەچوونیان لە هەڵبژاردن، پەنا بۆ ئەو جۆرە کارانە دەبەن. هەرچەندە ساختەکارییەکی زۆر لە ناوەکان هەیە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی عەرەب هێنراونەتە کەرکووک، بەڵام پشتیوان بە خوا، کورد دەنگی یەکەم لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکووک بەدەستدەهێنێت."
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 15 کورسی و کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە، کورد تێیدا بە پێنج لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردن دەکات.
 
پێشتر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵەکانی 2009 و 2013 کراوە، بەڵام لە ساڵی 2005ـەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک نەکراوە.
 
لە هەڵبژاردنی 2005ـی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا کە ژمارەی کورسییەکانی 41 کورسی بوو، لیستی برایەتیی کەرکووک کە لیستێکی کوردستانی بوو 26 کورسی بەدەستهێنا و بەو جۆرەش پارێزگاری پارێزگاکە لە کورد بوو.

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە