رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێت: "سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بە کورد نەگۆڕاوە، بەڵام لە رێگەی هاوپەیمانەکانمانەوە نامە دەگۆڕینەوە."
بەدران چیاکورد، میوانی پۆدکاستی چاوی سێیەم بوو کە حوسێن عومەر لە رادیۆی رووداو پێشکێشی دەکات و وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە.
چیاکورد باسی گفتوگۆی نێوان تورکیا و رێڤەبەری خۆسەر کرد و گوتی: " تائێستا گفتوگۆی رووبەڕوو لەنێوانمان نەکراوە، ئەو گفتوگۆیانەی کە دەکرێن لە رێگەی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانمانەوە دەکرێن کە هەندێک نامە دەنێردرێن و دێن."
ئەو راوێژکارەی رێڤەبەری خۆسەر ئاماژەی بەوەکرد، "سیاسەتی تورکیا لە بەرامبەر کورد، هەسەدە و رێڤەبەری خۆسەر نەگۆڕاوە، ئەو دەیەوێ مژاری هەسەدە و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بە گوێرەی سیاسەتی خۆی چارەسەر بکات، ئێستاش لە رێگەی شامەوە ئەو هەوڵە دەدات، ئێستاش چاوەڕێی شامە کە لەوبارەوە هەندێ هەنگاو بنێت."
چەند رۆژێکە بۆردوومان و هێرشەکان لە رۆژئاوای کوردستان [باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا] وەستێنراون، حوسێن عومەر پرسیاری ئەوەی کرد، ئاخۆ ئەوە ئەنجامی دانوستاندنە؟ بەدران چیاکورد لە وەڵامدا گوتی: "لەم دواییەدا هەندێ ئارامی هاتووەتە ئاراوە بەڵکو دانوستاندنەکان ئەنجامێکیان هەبێت."
دەقی هەڤپەیڤینەکەی بەدران چیاکورد، راوێژکاری رێڤەبەری خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ رووداو
رووداو: نێوەڕۆکی رێککەوتنی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود لە حەلەب لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا چییە؟ رۆڵی کورد لەو گەڕەکانە چی دەبێت؟
بەدران چیاکورد: ئامانجی ئێمە لەو رێککەوتنە ئەوەبوو کە جۆرێک لە ئارامی لەوێ بێتە ئاراوە، رەوشێکی ئاڵۆز دروست نەبێت کە ببێتە دەرفەتێک بۆ سەرهەڵدانی شەڕ لەنێوان گەڕەکەکان و گرووپە چەکدارەکان. وەک خۆتان دەزانن پێش دوو ساڵ ئەو گەڕەکانە لەگەڵ رژێمی ئەسەد و گرووپە چەکدارەکانیش تووشی شەڕی سەخت بوون. ئێستا رەوشێکی نوێ لە سووریا دەستیپێکردووە و ئیدی پێویستە قۆناخێکی نوێ بێتە پێشەوە کە ئارامییە، ئەو ئارامییەش بەبێ رێککەوتن دروست نابێت. ئەو رێککەوتنە لەسەر بنەمای بوونی گەلەکەمان؛ تایبەتمەندی و خۆسەری بکرێت. راستە ئەو گەڕەکانە سەر بە شاری حەلەبن، بەڵام تایبەتمەندیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و چەندینی دیکەی هەیە، بۆیە دەبێ رەچاوی ئەو جیاوازییە بکرێت و ئەو گەڕەکانە بتوانن ژیان و تێکۆشانی تایبەتی خۆیان بپارێزن، هەروەها لە رووی ئەمنییەوە بپارێزرێن، چونکە بەبێ پاراستن ناکرێ پارێزگاری لەو تایبەتمەندییەی خۆیان بکەن.
رووداو: پێتوایە دوای رێککەوتن ئیدی مەترسییان لەسەر نامێنێت؟
بەدران چیاکورد: بەڕاستی ناکرێت دەسەڵاتی ئەمنی لەو گەڕەکانە بەیەکجاری نەهێڵین، دەسەڵاتی شام زۆر هەوڵیدا وەکو گەڕەکەکانی دیکە بێت، بەڵام ئێمە گوتمان ئەوە رێی تێناچێت و نابێت ئەو گەڕەکانە سیستمی پاراستنیان نەبێت، چونکە رەوشی دەوروبەری گەڕەکەکان و سووریاش ئارام نییە، گرووپی جیاواز بە رەنگی جیاواز لەوێ هەن، کەس ناتوانێت دڵنیایی ئەمنی بداتە هیچ کەسێک، بۆیە سیستمی پاراستن رادەستی وەزارەتی ناوخۆ نەکرا، ئەو سیستمە خۆی ئەمنیەتی دەپارێزێت و وەکو بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆ مامەڵە دەکات، بەڵام تایبەتە بە پاراستنی گەڕەکەکان و لە کوڕ و کچانی گەڕەکەکان پێکهێنراوە و هیچ رێگە نادەن لەو گەڕەکانە پێشێلکاریی بەرامبەر گەلی ئێمە بکرێت و گرووپی دیکە بچنە نێو گەڕەکەکانەوە.
رووداو: واتە هێزەکانی ئاسایش و دام و دەزگەکانی خزمەتگوزاری وەکو خۆیان دەمێنن و کاروباری گەڕەکەکان بەڕێوەدەبەن؟
بەدران چیاکورد: فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان وەکو پێشتر خزمەتی خۆیان دەکەن، بەڵام هاوئاهەنگییان لەگەڵ فەرمانگەکانی دیکەی حەلەب دەبێت، بەجۆرێک کە سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن.
رووداو: تاوەکو ئێستا دوو خاڵی رێککەوتنەکە جێبەجێ کراوە، ئەوانیش دەرچوونی هێزەکانی یەپەژە و یەپەگە و گۆڕینەوەی دیلەکان بوون، هیچ هەنگاوی دیکە لەوبارەوە دەنرێت؟
بەدران چیاکورد: ئێستا هەوڵی سەرەکی بۆ گۆڕینەوەی دەستبەسەرەکانە، چونکە ئەوە مژارێکی سەرەکییە و وەکو نیازپاکی لەنێوان هەردوولاوە نیشان دەدرێت، لەم رۆژانەدا هەندێک گۆڕینەوەی دیکە دەکرێت، بەڵام ئەوەش کاتی دەوێ.
رووداو: هەندێک لەو شەڕڤانانەی کە دەستگیر کرابوون، بەتایبەت ئەوانەی گرووپەکانی سەر بە تورکیا دەستگیریان کردبوون، رادەستی تورکیا کراون و گواستراونەتەوە بۆ تورکیا، چارەنووسی ئەوان چی لێدێت؟
بەدران چیاکورد: بۆ پرسی گیراوەکان، ئێمە بە گشتی کارمان کردووە. پێویستە ئەوانەی لە عەفرین و منبج و هەر شوێنێکی دیکە دەستگیرکراوی ئێمە و ئەوان هەبن، چارەسەر بکرێن، ئەوانەشی کە رادەستی تورکیا کراون دەبێ چارەسەر بکرێن. ئێمە داوامان کردووە و ئەوانیش بەڵێنیان داوە لەگەڵ تورکیا راوێژ لەبارەی ئەو پرسەوە بکەن.
رووداو: ستەم نەما لە عەفرین نەکرێت، ئەوەی پێشێلکاری بوو لە عەفرین کرا، ئەم رێککەوتنە کاریگەریی لەسەر عەفرین دەبێت؟
بەدران چیاکورد: بێگومان ئەو رێککەوتنە هەنگاوی یەکەمە بۆ ئەوەی کۆتایی بە دەرچوونی کورد لە عەفرین بهێنرێت، ئەو رێککەوتنە پەیوەندی بە عەفرینیشەوە هەیە کە لە دوو خاڵی سەرەکیدا باسکراوە، یەکێک لەوانە پرسی گیراوانە کە دەبێت چارەسەر بکرێت. دووەمیشیان ئەوەیە کە چوون و هاتنی خەڵکی ئێمە لە عەفرین بە ئازادانە بێت و پێشێلکاری نەمێنێت، ئیدی خەڵک تووشی نەهامەتی و کاری خراپ نەبن. ئەمانە هەموو وەکو هەنگاوی دەستپێکن، دواتریش لەگەڵ دەسەڵاتی شام تاوتوێی جێهێشتنی عەفرین لەلایەن هاونیشتمانییانەوە و کۆتاییهاتنی گرووپی چەکدار کە سەرچاوەی ئاڵۆزی و پێشێلکارین دەکرێت. لەوبارەوە کار و هەوڵی جیدی هەن، بەڵام بەڕاستی لە حەوت ساڵی رابردوودا زۆر کاری خراپ کراون، زۆر موڵک و ماڵی خەڵک زەوت کراون، زەویی خەڵک دەستی بەسەردا گیراوە، دەبێ ئەمانە هەموو یەکلایی بکرێنەوە، ئەمەش هەندێک کاتی دەوێ.
ئەو گرووپانەشی کە سەر بە تورکیان و تاوەکو ئێستا زیان بە خەڵکی عەفرین دەگەیێین؛ دەبێ لەوێ نەمێنن و وەکو بەڵێنیان داوە، بچنە نێو سوپای تورکیاوە.
رووداو: نزیکەی 80 بۆ 90 هەزار خەڵکی عەفرین ئاوارە بوون، لە رێککەوتنەکەدا هیچ لەبارەی گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە گوتراوە کە بە چاودێریی رێڤەبەری خۆسەر بگەڕێنەوە بۆ عەفرین؟
بەدران چیاکورد: ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە کە خەڵکی عەفرین بە ئارامی و شکۆوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، کارێکی جیدی بۆ ئەمە دەکرێت و لەگەڵ شامیش قسەی لەسەر دەکرێت. لە کۆبوونەوەکانی رابردووشدا، ئەوکاتەی هاتنە حەسەکە قسەی لەبارەوە کرا. بۆ ئێمە ئەوە کارێکی لەپێشینەیە و بەڵێندراوە کار لەسەر ئەوە بکرێت کە خەڵک بە ئارامی بگەڕێنەوە جێ و رێی خۆیان. گرنگ ئەوەیە بە سەلامەتی و ئارامی بگەڕێنەوە، هەرکاتێک دۆخەکە لەبار بوو ئێمە خەڵکی خۆمان ئاگادار دەکەینەوە.
رووداو: لەنێو دانوستاندنەکاندا، گرێسپی و سەرێکانیێ- ش هەن؟
بەدران چیاکورد: لە رێککەوتنەکەدا، بە یەکەوە گفتوگۆ لەبارەی حەلەب و عەفرین کراوە، بەڵام مەسەلەی ئەوەی کە خەڵکی ئێمە لە گرێسپی و سەرێکانیێ ئاوارە کراون، بێگومان وەکو خاڵێک لە رێککەوتن لەگەڵ شام هەیە و پێداگریمان کردووە کە خەڵکی ئاوارە بە گشتی و عەفرین و گرێسپی و سەرێکانیێ بە سەلامەتی بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان. بۆ ئەمەش ئامادەکاری کراوە.
رووداو: دەگوترێ بە گوێرەی رێککەوتن، دەبێ هاوشێوەی دوو گەڕەکەکەی حەلەب، ئاسایش لە عەفرینیش رۆڵی خۆی هەبێت، ئەمە باسکراوە؟
بەدران چیاکورد: شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە رەوشێکی تایبەتیان هەیە و لە رێککەوتنی حەلەب باسی کراوە، بەڵام بۆ عەفرین ئەوەی گرنگە ئەوەیە خەڵکەکەی بە سەلامەتی بگەڕێنەوە، هەنگاوی دواتر ئەوەیە لەگەڵ شام رێکبکەوین لەسەر ئەوەی چۆن عەفرین بەڕێوەببرێت؟ چونکە عەفرین وەکو بەشێکی جواگرافی و سیاسیی رۆژئاوای کوردستان دەبینین. دەبێ لە رێککەوتندا عەفرینیش هاوشێوەی رۆژئاوای کوردستان بێت.
رووداو: یەکێک لە مەترسییە گەورەکان، هێرشی راستەوخۆی تورکیا بوو بۆ سەر رۆژئاوای فورات، لە بەنداوی تشرینەوە تاوەکو پردی قەرەقۆزاخ، ئێستا هێرشەکان وەستێنراون، ئایا هیچ دانوستاندنێک لەنێوان هەسەدە و تورکیا بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کراوە یان دەکرێت؟
بەدران چیاکورد: ئامانجی ئێمە ئەوەیە هێرشەکان لە سەرانسەری سووریا بە گشتی و باکوور و رۆژهەڵات بەتایبەتی رابگیرێن، دەبێ سووربا بچێتە قۆناخی سەقامگیری و ئارامی و، دانوستاندنێک بۆ بەرژەوەندیی هەموو سووریا. وەکو دەزانن زۆربەی ئەو شەڕانەی لە سووریا روودەدەن لە هەرێمی ئێمەدان، هێرشەکان لەلایەن تورکیا و گرووپەکانی سەر بە تورکیاوە دەکرێن. هەوڵێکی زۆر جیدی هەیە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بگەینە سەقامگیرییەک کە شەڕ بە تەواوی رابگیرێت و هەموو گرفتەکان بە دانوستاندن چارە بکرێن. لەوبارەوە هەندێ هەوڵ هەن، هیوایەک هەیە کە ئیدی ئێمە دەربازی پرۆسەیەکی ئاشتی و سەقامگیری ببین.
رووداو: هیچ کۆبوونەوەیەکی رووبەڕووی نێوان بەرپرسانی تورکیا و رۆژئاوای کوردستان کراوە؟
بەدران چیاکورد: تائێستا گفتوگۆی رووبەڕوو لەنێوانمان نەکراوە، ئەو گفتوگۆیانەی کە دەکرێن لە رێگەی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانمانەوە دەکرێن، هەندێک نامە دەنێردرێن و دێن.
رووداو: ئێستا هەڵوێستی تورکیا کەمێک نەرمتر بووە؟
بەدران چیاکورد: سیاسەتی تورکیا لە بەرامبەر کورد، هەسەدە و رێڤەبەری خۆسەر نەگۆڕاوە، ئەو دەیەوێ مژاری هەسەدە و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بە گوێرەی سیاسەتی خۆی چارەسەر بکات، ئێستاش لە رێگەی شامەوە ئەو هەوڵە دەدات، ئێستاش چاوەڕێی شامە کە لەوبارەوە هەندێ هەنگاو بنێت. لەم دواییەدا هەندێ ئارامی هاتووەتە ئاراوە بەڵکو دانوستاندنەکان ئەنجامێکیان هەبێت.
رووداو: لەوبارەوە هەڵوێستی شام ئەرێنییە؟
بەدران چیاکورد: بۆچوونی ئەوان چۆنە با وابێ، بەڵام دیارە کە ئەوانیش ئامادەنین بۆ شەڕ، دەیانەوێ سەقامگیری و ئارامی هەبێت. هەنگاوی یەکەم گرنگە. لێ دوای ئارامی پێویستە ئێمە چۆن چارەسەرێک بدۆزینەوە کە بۆ هەموو پێکهاتەکانی سووریا بێت، هەمووان رازیبن و مافی هەمووانی تێدا پارێزراو بێت. ئەمە گرنگە. لەمبارەوە نەرینی جیاواز هەن و لە داهاتوودا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
رووداو: مانگێک بەسەر رێککەوتنی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرعدا تێپەڕیوە، تاوەکو ئێستا چی لێ جێبەجێ کراوە؟ لیژنەکان دەستبەکاربوون؟
بەدران چیاکورد: وەکو دەسپێک گرنگ بوو، دەرگەی دانوستاندنی کردەوە و زۆر کۆبوونەوە و گفتوگۆ کران، بەڕاستی ئەوە گرنگ بوو کە کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن. هەنگاوی دووەم ئەوەیە کە لیژنە دروست بکەن، ئێستا کار دەکرێت بۆ دروستکردنی لیژنەکان و ئێمە لە کۆبوونەوەکانی خۆمان ئاماژەمان بەوە کردبوو کە سەرەتای مانگی نیسان گفتوگۆ لەبارەی دروستکردنی لیژنەکانەوە بکرێن.
رووداو: تاوەکو ئێستا هیچ لیژنەیەک دروست نەکراوە؟
بەدران چیاکورد: لیژنە دروست نەکراوە؛ چونکە بەڕاستی کاری دەوێ. هەرێمی ئێمە پێکهاتەی زۆری تێدایە، ئەگەر لیژنە دروست بکەین دەبێ لە هەموو پێکهاتەکان ئەندام هەبن، هەموو کەس مافی ئەوەی هەیە کە مافەکانی لەو گفتوگۆیانەدا پارێزراو بێت.
رووداو: چوار خاڵی سەرەکیی هەن کە خەڵکی رۆژئاوا بە گرنگی دەزانن، هێزی ئەمنی و سەربازی، نەوت و گاز و سامانی سرووشتی، پەروەردە و زمانی کوردی و پەیکەرسازی رێڤەبەری. دەتوانرێت لەم رێککەوتنەدا پارێزگاری لەمانە بکرێت؟
بەدران چیاکورد: لە خەباتێکی 14 ساڵەدا کە هەزاران شەهید و بریندار هەبوون، تێکۆشانی ملیۆنان کەس بۆ مافەکانی خۆیان بوو، بێگومان هەر رێککەوتنێکیش بکرێت لەسەر بنەمای پاراستنی ئەو خاڵانە دەبێت، ئەو دەستکەوتانە بەدەستمان هێناون بپارێزرێن و هیچ کاتێک دەستبەرداری نەبین.
ئەوەی کە شام و تورکیا دەیڵێن، قەسەدە وەکو کەسێک چەک دابنێت و بچێتە نێو سوپای سووریا، رێی تێناچێت. هەسەدە هێزێکی هەرێمەکەیە و دەستکەوتێکی سووریایی نیشتمانییە، خاوەن ئەزموون و توانایە. هەروەها ئەو ئاسایشەی کە لە هەرێمەکە هەیە ئەویش وەکو هێزێکی ئاسایشی نێوخۆ بوونی خۆی بپارێزێت، بەڵام رێکاری کارکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ شام دابڕێژرێت. هەروەها دام و دەزگاکانی رێڤەبەری خۆسەر لە چوارچێوەی سیستمێکی ناناوەندی لە سووریا بپارێزرێن کە ئێمە داوای ئەوە دەکەین کە سووریا ناناوەندی بێت و ئەو تایبەتمەندییانە بپارێزرێن وەکو دەستکەوتێک.
پرسی زمان زۆر گرنگە، زمانی کوردی سەتان هەزاری وەکو شاگرد پەروەردە کردووە، ناکرێت دەست لەو مافە بەربدرێت، ئەوە بۆ ئێمە وەکو هێڵێکی سوورە، زمانی کوردی وەکو زمانی فێربوون و خوێندن بەردەوام دەبێت و هاوشانی زمانی عەرەبی لە چوارچێوەیەکی یاسایی و دەستووریدا چارەی بۆ بدۆزرێتەوە. لەوبارەوە لیژنەی هاوبەش لەلایەن هەموو پارتە کوردی و سوورییەکان دروست بکرێت و لە شام بە وردی گفتوگۆی لەبارەوە بکەین.
رووداو: هیچ رێککەوتن یان دانوستاندن لەبارەی نەوت هەیە؟
بەدران چیاکورد: لەبارەی نەوت و گازەوە هیچ رێککەوتنێک نەکراوە، ئێمە هیوادارین رێککەوتنێکیش لەوبارەوە بکەین، ئەمەش مژارێکی سەرەکییە لەگەڵ شام کە چۆن لەو سامانەدا پشکی خەڵکی هەرێمەکەش بدرێت.
رووداو: ئەگەری کۆبوونەوەی دیکەی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع هەیە بۆ پتەوترکردنی رێککەوتنەکان؟
بەدران چیاکورد: ئێستا لە رۆژەڤدا نییە و ئەو لیژنانەی کە پێکی دەهێنین درێژە بە خاڵەکانی رێککەوتنەکە دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ