ئەو خانەنشینانەی لە ئەورووپان نەگەڕێنەوە بۆ بایۆمەتری مووچەکانیان دەبڕدرێت

08-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی خانەنشین کە لە ئەورووپایە و مافی مانەوەی وەرنەگرتووە و ناتوانێت بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەهۆی نەبوونی بایۆمەترییەوە مووچەکەی بڕدراوە و داوا دەکات ئاسانکارییان بۆ بکرێت لە دەرەوە بایۆمەتری بکەن.

بەڕێوەبەری بانکێک لە سلێمانی دەڵێت، ئەو خانەنشینانەی لە دەرەوەی وڵاتن پێشتر لە رێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە بایۆمەترییان بۆ کراوە، ئێستا ئەوەش راگیراوە.
 
ستار مەغدید، هاونیشتمانییەکی خانەنشینە و ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی، رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "من ساڵی 2022 چوومە ئەورووپا، پێش رۆشتنم کارمەندی حکومەت بووم و خانەنشین کرام، ئەو کات بابەتی بایۆمەتری نەبوو، ئێستا دەڵێن ئەگەر نەیکەی مووچەکەت رادەگیرێت".
 
ستار مەغدید گوتی: "مافی مانەوەم نییە و ناتوانم بێمەوە، حکومەتیش هاوکاری ناکات لێرەوە بیکەم، مووچەکەم بۆ نەخۆشیی دایکم خەرج دەکەم و براکەم وەری دەگرت، بەڵام لە مانگی 10ـی پارەوە بڕدراوە." گوتیشی: "کوردێکی زۆر لە ئەورووپا هەمان کێشەیان هەیە".
 
ئەو هاونیشتمانییە داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، لە نوێنەرایەتییەکانی حکومەت لە وڵاتانی ئەورووپا ژوورێکی تایبەت بە بایۆمەتری بکەنەوە. گوتیشی: "لێرە تۆمارمان بکەن نۆرە دەگرین ئەگەر کاتەکەش درێژبێت کێشەمان نابێت، چونکە ناچارین و ناتوانین بگەڕێینەوە".
 
بایۆمەتری لە بانکەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت. شۆخان عومەر، بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی لە شاری سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژانە خەڵک دێن و بایۆمەتری دەکەن و پرۆسەکە بەردەوامە، ئەوەشی نەیکات مووچەکەی رادەگیرێت، چونکە لەسەر داوای حکومەتی عێراق دەکرێت".
 
سەبارەت بەو کەسانەی لە درەوەی وڵاتن، شۆخان عومەر گوتی: "بەشێکی ئەوانەی لە دەرەوەن پێشتر بایۆمەتریان کردبوو و لە رێگەی کامێرای پەیوەندییەوە لە سیستمی نوێی بایۆمەتری تۆمار دەکران، ماوەیەکە ئەوەش راگیراوە. ئەوەی خانەنشینە دەبێت خۆی ئامادەبێت بۆ بایۆمەتری، خۆی نەبێت نە بە پەیوەندی ڤیدیۆیی دەکرێت و نە بە بریکارنامە، ئەوەش لەسەر داوای عێراق نەوەکو هەرێمی کوردستان".
 
بایۆمەتری واتە پەنجەمۆر و وێنەگرتنی چاوی مووچەخۆران، دوای ئەوەش کۆدی UPN وەردەگرێت، کە تەواوی زانیارییەکانی لەبارەی فەرمانبەر و مووچەخۆر تێدایە. دەبێت هەر فەرمانبەرێک یان خانەنشینێک یەک ژمارەی وەزیفی هەبێت، ناونیشان و پلەی فەرمانبەرایەتی لە خۆدەگرێت، ئەوانەی لە سیستمی نوێ تۆمار نەکراون ئەو (UPN)ـەیان نییە.
 
لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە، پرۆسەی تۆمارکردنی بایۆمەتری خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، خانەنشینان لە بانکەکان لە سیستمەکەدا تۆمارکراون و پرۆسەکە بۆ ئەو کەسانەی تاوەکو ئەمڕۆ تۆمارنەکراون بەردەوامە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک شۆفڵ و تەنکەر لە شوێنی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ. وێنە: رووداو

چەمچەماڵ لەبەردەم هاوینێکی بێ ئاودا؛ تاکە پڕۆژەی چارەسەری کێشەکە بێ بودجەیە

هێشتا وەرزی هاوین نەهاتووە، کەمئاوی تەنگی بە چەمچەماڵییەکان هەڵچنیوە، تاکە هیواشیان بۆ چارەسەر، پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵە، کە کەمتر لە 7%ی تەواو بووە و هیچ بودجەیەکی بۆ خەرج نەکراوە