رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی ناونیشانی کتێبەکانی نێو پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، هیچ دەزگا، خانە و كتێبفرۆشێکی ئیسلامی یان عهلمانی ئەوەی خواستی هەبووبێت لە پێشانگهكەدا بەشداربێت، رێی لێنەگیراوە. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، لە پێشانگەکە "خواست زیاتر لەسەر کتێبە ئیسلامییەکانە."
رۆژی شەممە، 25-11-2023، بەشی یاسایی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بۆ ماوەی (45) رۆژ لە رۆژنامەكانی 'كوردستانی نوێ' و رۆژنامەی 'هەولێر' ئاگاداری بڵاوكراوەتەوە، و داواكراوه هەر لایەنێک دەتوانێت هاوكاریی وەزارەت بكات بۆ كردنەوەی پێشانگای كتێب لە سلێمانی با بێت و فۆرمی تەندەر وەربگرێت، هیچ دەزگایەک نەهاتووە تەنیا "دهزگای چاپ و پهخشی ئهتڵهس" نەبێت كە ئێستا پێشانگهكەی كردووهتەوە."
لەبارەی ئەو کتێبانەی لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی خراونەتەڕوو، بەشی یاسایی وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت، سەرجەم ئەو دەزگە و خانانەی بڵاوكردنەوە و كتێبفرۆشی كە ئێستا لە پێشانگەکە بەشدارن و خاوەن ستاندن، "لە هەرێمی كوردستان مۆڵەت پێدراون و خاوەنی نووسینگەی دەزگەی رۆشنبیری، خانەی چاپ و بڵاوكردنەوە یاخود دوكانی كتێبفرۆشین."
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی رۆشنبیری بێت، هیچ دەزگە، خانە و كتێبفرۆشێکی ئیسلامی یان عهلمانی ئەوەی خواستی هەبووبێت لە پێشانگهكەدا بەشداربێت، رێی لێنەگیراوە. دەشڵێت، "ئەوانەی گلەیی دەکەن، با پێشانگه پڕبكەن لە کتێبی فكر، فەلسەفە، زانست و بەرهەمەكانیان، بزانن هیچ رێگرییەک هەیە؟"
لەبارەی گلەییەکان لە خستنەڕووی کتێبی ئایینی لە پێشانگەکە، بەشی یاسایی وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت، ئەگەر قسە و گلەیی لەسەر زۆریی كتێبی ئایینیە، کتێبی ئاینی یاساخ نییە، هەمووان دەبێت ئەوە بزانین لە ھەرێمی كوردستان ئەم بابەتە بەیاسا رێكخراوە بەم شێوەیە:
بە پێی یاسای چاپەمەنیی هەرێمی کوردستان، ژمارە (10)ی ساڵی 1993 لە مادەی دووەمدا دەڵێت: "رەقابە لە هەرێم ناخرێتە سەر چاپەمەنی، هەر هاووڵاتییەک سەربەستە لە دەرکردنی هەر چاپەمەنییەک، بەپێی حوکمی ئەم یاسایە".
ههروهها لەمادەی (نۆیەم)دا ھاتووە: "بڵاوکردنەوەی ئەو باباتانە قەدەخەن، کە هانی تاوان و کاری تیرۆریستی دەدەن و رێوشوێنی بۆ خۆش دەکەن، یان جنێو و تانە لێدان و ناوزڕاندنی کەسانی تێدایە، یان دەستدرێژی تێدابێت بۆ سەر ئایین و مەزهەبەکان و سیستەمی گشتی."
وەزارەتی رۆشنبیری لە کۆتایی روونکردنەوەکەی دەڵێت، "ئەگەر ھەر کەسێک لەپێشانگای کتێبی سلێمانی کتێبێکی دۆزییەوە یەکێک لەم بابەتانەی مادەی نۆ دیاری کردووە، تێدابوو؛ ئەوە ئەو کتێبە رێگە پێدراو نییە."
نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گلەیی هەیە لەسەر کتێبە ئیسلامییەکان و دەگوترێت زۆرترینن لە نێو پێشانگاکە، بەڵام ئێمە کاتی خۆی ئاگاداریمان بڵاوکردووەتەوە کێ دەیەوێت گرێبەستی لەگەڵ دەکرێت. لە کۆمەڵگەی ئێمەش خواست و داواکاریی زیاتر لەسەر کتێبە ئیسلامییەکانە، بۆیە زیاتر وەڵامدانەوە بۆ بانگەوازەکەمان لەلایەن چاپەمەنییە ئیسلامییەکان و کتێبە ئیسلامییەکان بووە."
لەبارەی زۆرترین ئەو ناونیشانەی کتێب کە لە پێشانگەکە هەن، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری گوتی، "500 هەزار ناونیشانی کتێب لە پێشانگەکە هەن و کتێبە ئیسلامییەکان لە پێشانگەکە زۆرترین داواکارییان لەسەرە، بەڵام رێگری لە هیچ کەسێک نەکراوە بۆ بەشداریکردنی هیچ کتێبێک."
شەوقی عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە پێشانگەکە کار لەسەر ئەوە کراوە لە رێگەی ئەو 20 وڵاتانەی جیهان و 200 ناوەندی چاپ و پەخشەوە کە بەشدارن، زۆرترین ناونیشان و بوار لە خۆبگرێت، چونکە سرووشتی پێشانگای کتێب وایە کە دەبێت وەڵامی خواستی زۆربەمان بداتەوە، ئەمەش کاری زۆری ویستووە و لەماوەی شەش مانگی رابردوو کارمان لەسەر کردووە."
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی دەڵێت، "بەفەرمی لەرێگەی وێبسایت، تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و گرووپەوە رامانگەیاندووە کێ دێت بۆ پێشانگاکە دەرگا بە رووی هەموواندا کراوەیە، نە کەسمان رەتکردووەتەوە و نە زۆرمان لە کەس کردووە، ئەوانەی بەشدارن بە خواستی خۆیان و بە فلتەردا تێپەڕبوون."
شەوقی عومەر دەڵێت، لە نێو ئەو کتێبانەی لە پێشانگەکە هەن، "ئەو وردەکارییانە لێکنەدراونەتەوە کە چ کتێبێک ئایینییە و چی ئایینی نییە، بە ئەندازەی ئەوەی کار لەسەر ئەوە کراوە هەمەچەشنییەک هەبێت لە پێشانگاکە خواستی زۆربەی خەڵکی وەڵامبداتەوە."
بە گوتەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی، "لەلایەن هیچ لایەن و کەسێکی فەرمییەوە کەس نیگەرانی دەرنەبڕیوە لەبارەی زۆریی کتێبی ئیسلامی و جیاوازیی نێوان ناونیشانەکان، لە هیچ دامودەزگایەکی فەرمی یاداشتی لەوجۆرەمان بەدەست نەگەیشتووە."
لە 23ـی ئەم مانگە پێنجەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی بە بەشداری زیاتر لە 200 ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە لە زیاتر لە 20 وڵاتی جیهان کرایەوە و بڕیارە ماوەی 10 رۆژ بەردەوام بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ