رووداو دیجیتاڵ
لە شاری ماکۆی رۆژهەڵاتی کوردستان 97ـەمین کۆبوونەوەی لیژنەی ئاسایشی لاوەکی تورکیا-ئێران بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بە سەرۆکایەتیی رامین موەحیدی، فەرمانداری ماکۆ بەڕێوەچوو؛ هەریەک لە ئەرجان توران پارێزگاری ئیدر و مستەفا کۆچ پارێزگاری ئاگریی باکووری کوردستان و ژمارەیەک کاربەدەستی دیکە بەشدارییان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا پرسی ئاسایشی سنووری نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کرا.
حکومەتی تورکیا لە ساڵی 2021ـەوە دەستیکردووە بە دروستکردنی دیوارێکی کۆنکرێتی لە نێوان باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان.
دیوارەکە له سنووری شارۆچکەی چاڵدێران لە پارێزگای وانهوه دهستپێدهكات و بۆ شارۆچکەی بایهزید له پارێزگای ئاگری و شارۆچکەی گهڤهر له پارێزگای جۆلەمێرگ درێژدەبێتەوە.
ئەو دیوارە بە درێژایی 560 کیلۆمەتر لە سنووری پارێزگاکانی ئاگری، ئیدر، وان و جۆلەمێرگی باکووری کوردستان لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان دروست دەکرێت.
تورکیا دەڵێت، ئامانج لە دروستکردنی دیوارەکە رێگریکردنە لە جموجووڵی گەریلاکانی پەکەکە لەنێوان باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان؛ هەروەها رێگەگرتن لە پەڕینەوەی کۆچبەران.
تورکیا هێزی ئەمنی و سیستمی چاودێری تووندی لەسەر ئەو سنوورە جێگیر کردووە. حکومەتی تورکیا لە رێگەی کامێرای چاودێری، گەڕانی بەردەوامی تیمەکان و لە ئاسمانیشەوە لە رێگەی درۆنەوە چاودێری هەر جمووجۆڵێک دەکات لەو سنوورە هەبێت.
تورکیا لە ساڵی 2014یش لەنێوان باکوور و رۆژئاوای کوردستان دەستی بە دروستکردنی دیواری کۆنکرێتی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ