رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا راگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانیدا بۆ سەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە لە باشووری کوردستان 34 ئامانجیان پێکاوە.
وەزارەتی بەرگری تورکیا ئەمرۆ هەینی، 25ـی تشرینی یەکەم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس راگەیێندراوێكی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکە بڵاوکردووەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کاژێر 23:30 خولەکی رۆژی 24ـی تشرینی یەکەمی 2024 فڕۆکە جەنگییەکانیان لە ناوچەکانی خواکوڕک، گارە، قەندیل و شنگال هێڕشیان کردووەتە سەر 34 حەشارگە، ئەشکەوت، کۆگە و پەناگەکانی پەکەکە و سەرجەم ئامانجەکانیان پێکاون.
وەزارەتەکە رایگەیاندووە: "بەمەبەستی نەهێشتنی هێرشە تیرۆریستیەکان دژی جەماوەر و هێزە ئەمنییەکان و دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورەکان، لە چوارچێوەی مافی بەرگریکردن لەخۆمان کە لە مادەی 51ـی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە" ئەو ئۆپەراسیۆنەیان کردووە.
شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای تورکیا چەند جارێک شنگال و دەورووبەری بۆردوومان کرد. حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان لە سنووری شنگال ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا سێ کەس کە سەر بە یەکینەکانی بەرخودانی شنگال-یەبەشە بوون شەهید بوونە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا بە ئاسمانی کەمپی پەنابەرانی مەخمووردا سووڕاونەتەوە، بەڵام هیچ بۆردوومانێکیان نەکردووە.
رۆژی 24-10-2024 وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، بەرەبەیانی پێنجشەممە لە ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانیدا بۆ سەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان، 32 پێگەی پەکەکە و یەپەگەیان کردووەتە ئامانج. بەگوێرەی زانیارییە خۆجێیەکان، لە ئەنجامی ئەو زنجیرە هێرشەی دوێنێی تورکیادا، تەنیا لە رۆژئاوای کوردستان 12 کەس گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ