رزگاربوویەکی بوومەلەرزەکەی 2011ـی وان بووەتە پەرستار و هاوکاریی نەخۆش دەکات

25-10-2023
هەوار ئیسماعیل
 فەرهاد تۆکای، تەمەنی 13 ساڵ بوو، دوای 108 کاژێر لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەک رزگار کرا
فەرهاد تۆکای، تەمەنی 13 ساڵ بوو، دوای 108 کاژێر لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەک رزگار کرا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ساڵی 2011 کە بوومەلەرزەیەک لە شارۆچکەی ئەرجیشی وانی باکووری کوردستانی دا، فەرهاد تۆکای، تەمەنی 13 ساڵ بوو، دوای 108 کاژێر لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەک رزگار کرا. ئێستا تۆکای تەمەنی 25 ساڵە و بووەتە پەرستار، لە نەخۆشخانەی دەوڵەت لە ئەرجیش کار دەکات. کاریگەریی بوومەلەرزەکە هۆکار بووە بۆ هەڵبژاردنی ئەم پیشەیە. ئەو هێشتا رۆژە تاریکەکانی لەیاد نەکردووە. 
 
فەرهاد تۆکای، رزگاربووی بوومەلەرزە دەڵێت، "هیچ رووناکیەک نەبوو، هەموو شتێک تاریک بوو. مۆبایلێکی بچووکم پێبوو، گڵۆپەکەیم داگیرساند، سەرەتا لە شوێنێکی تەسک گیرمخواردبوو، دواتر چوومە شوێنێکی فراوانتر. دوای 15 خولەک ئەوسا جارێکی دیکە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.4 پلە روویدا. شوێنەکەم تەسکتر بووەوە، لەژێر داروپەردوودا گیرم خواردبوو". 
 
رۆژی 23ـی تشرینی یەکەم، ساڵڕۆژی بوومەلەرزەکەی ئەرجیش بوو، فەرهاد لەگەڵ چاغری چاغان یڵماز ـی ئامۆزای کە ئێستا پارێزەرە و کار بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکە دەکات، لەو رۆژەدا سەردانی گۆڕی کەسوکارەکانیان کرد، کە نزیکەی 20 کەسیان لە بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستدا.
 
چاغری چاغان یڵماز، پارێزەر گوتی، "بەهۆی ئەو باڵەخانانەی کە بەگوێرەی رێساکان دروستنەکرابوون و رووخان، هاوشارییەکانمان و کەسوکارمان لەدەستدا. کاتێک ئەمانەم بینی لەخۆم پرسی بۆ ئەمە دەتوانم چی بکەم؟ خوێندم و بوومە پارێزەر. هێشتا دۆسیە لەبارەی بوومەلەرزەکەی ساڵی 2011ـی ئەرجیش ماون، هەم دۆسیەی سزا و هەم دۆیسەی قەرەبووکردنەوە. لە کاتێکدا ئەوسا قوتابی پۆلی هەشت بووم، ئێستا وەک پارێزەرێک کار لەسەر ئەو دۆسیانە دەکەم". 
 
رۆژی 23ـی تشرینی یەکەمی 2011 بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.2 پلەی رێختەر لە شارۆچکەی ئەرجیش ـی وان ـی دا. نزیکەی شەش هەزار باڵەخانە رووخان و زیانیان بەرکەوت، 604 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و 4152 یش برینداربوون. 252 هاونیشتمانی لەژێر داروپەردوو رزگار کران. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە