رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، رۆژی شەممە 28ی ئۆکتۆبەر دەوام لە زانکۆکەیان دەستپێدەکاتەوە.
ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی کرد، یەکێک لە بڕگەکانی کارنامەکەی تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی پڕۆسەی خوێندنی ساڵی 2023 - 2024 و لەوبارەیەوە بڕیاریدا رۆژی شەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2023 دەوام دەستپێبکاتەوە.
رۆژی چوارشەممە 25-10-2023 ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، "لەپێناو خەمخۆریمان بۆ ئاییندەی خوێندکاران و هەڵنەسپاردنی ساڵی خوێندنی 2023 - 2024، بەپێی پێوەرە زانستییەکانی بۆڵۆنیا پڕۆسێس، کە ئەم پرسە پەیوەندیدارە بە چارەنووسی زیاتر لە 23 هەزار خوێندکار و خێزانەکانیان، ئەنجوومەنی زانکۆ رۆژی شەممەی وەکو دەستپێکی پڕۆسەی خوێندنی ساڵی نوێی خوێندنی راگەیاند. هەر لەو چوارچێوەیەشدا رۆژژمێری خوێندنی بەرایی و باڵای بۆ سەرجەم کۆلێژەکان پەسند کرد."
ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی داوا لە سەرجەم خوێندکاران دەکات بەپێی خشتەی وانەی کۆلێژەکان و خشتەی دابەشکردنی بەشە ناوخۆییەکان، سەردانی زانکۆ بکەنەوە.
لەگەڵ راگەیاندنی ساڵی نوێی خوێندن لە زانکۆی سلێمانی، ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی دەڵێت، "لە لایەکەوە جەخت لە سەرجەم ماف و شایستە داراییەکانی مامۆستایان، فەرمانبەران و خوێندکاران دەکەینەوە، لە لایەکی تریشەوە جەخت لە بەرپرسیارێتیی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی گرفتە داراییەکانی بەردەم پڕۆسەی خوێندن لە زانکۆمان دەکەینەوە."
بڕیاربوو، لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول دەوامی قۆناخەکانی دووەم، سێیەم و چوارەم لە زانکۆی سلێمانی دەستپێبکاتەوە و سەرەتای تشرینی یەکەم دەوامی قۆناخی یەکەم دەستپێبکات، بەڵام بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکە بۆ سێ مانگ و دابین نەکردنی دەرماڵەی خوێندکاران، دەوام لەکاتی خۆیدا دەستیپێنەکردەوە.
هەر لەبارەی ساڵی نوێی خوێندنی 2023 - 2024 رۆژی 11-10-2023 ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی لە کۆبوونەوەی هەفتانەی دەستپێکردنی دەوامی زانکۆکەی دواخست و رایگەیاند، "هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە، پڕۆسەی خوێندن لە زانکۆی سلێمانی بۆ ساڵی نوێ کە پەیوەندیدارە بە چارەنووسی خوێندنی زیاتر لە 23 هەزار خوێندکار، بەپێی پێوەرە زانستی و نێودەوڵەتییەکان لەژێر مەترسیی هەڵپەساردندایە."
دەستپێکردنی دەوام لە زانکۆی سلێمانی لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی ئاب، ئەیلوول و تشرینی یەکەم دابەشنەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ