رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری باخچەکانی شاری سلێمانی رایدەگەیێنێت، بەهۆی وشکەساڵی و ئاو نەدانی بلوار و باخچەکانی شاری سلێمانی، بەشێکی زۆریان وشکبوون و بە پێویستی دەزانێت لە ماوەیەکی کورتدا ئەو بابەت چارەسەر بکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25-08-2021 کامەران حەمەساڵح، بەڕێوەبەری باخچەکانی شاری سلێمانی، لەبارەی کاریگەرییەکانی کەمئاوی و وشکەساڵی لەسەر رێژەی سەوزایی و ئەو مەترسییانەی رووبەڕووی ژینگەی شارەکە دەبنەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ساڵی 2019 رێژەکە گەیشتووتە ئاستی ستانداردی جیهانی، رێژەی سەوزایی لە شاری سلێمانی بەپێی ئەو رووبەرەی لە سنووری شارەوانیی سلێمانی هەیە، ساڵی رابردوو 19 ٪ بووە، دەتوانین بڵێن چووینەتە نێو ستانداردە جیهانییەکان بۆ رووبەری سەوزایی".
بە گوتەی کامەران حەمەساڵح: "گەورەترین مەترسی ئێستا لەسەر دارەکانی باخچە و پارکەکانە، مەترسی لەسەر وشکبوونی دار هەیە، ئێمە ناڵێین دار وەشکبووە. چونکە ئامارێکمان کۆنەکردوەوە راشی ناگەیێین تاوەکو ناوەڕاستی مانگی 12، لەوێ ئەگەر چەند دار وشکبووبێت، ئەوا رایدەگەیێنین".
بەڕێوەبەری باخچەکانی شاری سلێمانی جەخت لەسەر مەترسیی وشکبوونی دارەکان دەکاتەوە و دەڵێت: "ئێمە تەنیا ئەوە دەڵێین مەترسیی لەسەر وشکبوونی دارەکانی ناو باخچە و پارکەکانی ناو سنووری شارەوانیی سلێمانی هەیە، پێویستە ئەو بابەتە بە زوویی چارسەر بکرێت".
کامەران حەمەساڵح ئاماژە بەوەش دەدات بەهۆی وشکەساڵییەوە، "چەمەکانمان ئاویان تێدا نییە، بەشی هەرە زۆری بیرەکانمان ئاستی ئاوەکەیان دابەزیووە، تەنانەت هەندێکیان هەر وشکیان کردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ