کوردستان
پڕۆژەیەکی تەواونەکراو لە هەولێر. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە و پەیوەندیی بە نێوەڕۆکی هەواڵەکەوە نییە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، 9 پرۆژەی نیشتەجێبوون بەهۆی کەمتەرخەمی و پابەندنەبوون بە رێنماییەکان زیاتر لە ساڵێکە دراونەتە دادگە، بەڵام تاوەکو ئێستا کەیسەکان لە دادگە یەکلایی نەکراونەتەوە.
ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەری پارێزگاری هەولێر بە رادیۆی رووداو ی راگەیاند، بەهۆی بەدواداچوونی بەردەواممان، سەرپێچی و پابەندنەبوونی کۆمپانیاکان لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون کەمبووەتەوە، بەڵام هێشتاش لە هەندێکیان هاونیشتمانیان گلەییان هەیە، بۆ ئەمەش ئێمە لیژنەیەکی پێنج کەسیمان هەیە و هەر کەسێک نیگەرانی یان کێشەیەکی هەبوو دەتوانێت پەیوەندی پێوە بکات لەرێگەی ژمارە تەلەفۆنی 07504473390 و ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەکەین.
بەگوتەی یاریدەدەری پارێزگاری هەولێر، لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و پارەی خزمەتگوزاری هەر سەرپێچییەک هەبێت لەلایەن کۆمپانیاکان؛ هەنگاوی یەکەم ئاگادار دەکرێتەوە و دواتر سزای دارایی دەدرێت، ئەگەریش بەردەوام بێت خزمەتگوزاری پرۆژەکانی نیشتەجێبوون یان دەدرێتە تەندەر و لێی وەردەگیرێتەوە یان کۆمپانیاکە دەدرێتە دادگە.
گوتیشی: "تائێستاش 9 کۆمپانیامان داونەتە دادگە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا کەیسەکانیان لە دادگەکان یەکلایی نەبوونەتەوە."
ئەکرەم ئەحمەد دەڵێت: "ئێمە لە ماوەی رابردوودا خزمەتگوزاری چەند پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونمان وەرگرتووەتەوە و داومانەتە تەندەر و کۆمپانیای دیکە دەستیان بەکار کردووە، لیژنەیەکمان هەیە بەردەوام سەردانی ئەو شارانە دەکات کە خەڵک گلەییان لێیان هەیە".
چەند هاونیشتمانییەک لە شاری زەیتوون پەیوەندییان کردووە و دەڵێن، لە شاری زەیتوون کێشەیان هەیە و کۆمپانیاکە پارەیەکی زۆری خزمەتگوزاری وەردەگرێت و خزمەتگوزارییەکانیشی کەمن.
ئەکرەم ئەحمەد گوتی: "لیژنەیەک بۆ کێشەی شاری زەیتوون دروستکرا و بەدواداچوونمان کرد، خاوەنی کۆمپانیاکەشمان بانگکرد، بەڵام بەشێکیشی گوناهی کۆمپانیاکە نییە، چونکە هەندێک لە دانیشتووانی ئەو شارانە پابەندی کۆمپانیاکە نین و هەیانە 60 مانگ کرێی خزمەتگوزاری نەداوە، کۆمپانیاکە زیاتر لە 200 ملیۆن دیناری لای خەڵکەکەیە، ئەمەش وادەکات تووشی کێشە ببێت، بۆیە داوامان کردووە، هاونیشتمانیان ئەو پارەیە بدەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ