رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، ئەگەر بەرپرسانی باڵای تورکیا پێیان وایە شتێک بە ناوی کێشەی کورد نییە، بۆچی باسی پرۆسەی چارەسەری دەکەن؟ ئاماژە بەوەش دەکات، ''کێشەی کورد گەورەترین کێشەی سەد ساڵی رابردووی تورکیایە''.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا لەبارەی چەند مژارێک قسەی کرد.
هاوسەرۆکی دەم پارتی لە وەڵامی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەدا کە گوتبووی، ''شتێک بەناوی کێشەی کورد نییە''، گوتی، ''تاوەکو ئەمڕۆ هەمیشە گوتراوە ''کێشەی کورد نییە''. ئەگەر شتێک بە ناوی کێشەی کورد نییە، باس لە کام چارەسەر بکەین؟ کێشەی کورد سەد ساڵە هەیە و گەورەترین کێشەی سەد ساڵەی تورکیایە''.
باکرهان ئاماژەی بەوەش کرد، ئاساییترین نموونە بۆ هەبوونی کێشەی کورد، سڕینەوەی ئەو نووسراوە کوردییانەیە لە شەقامەکانن و گوتی، ''خەڵک ناتوانن بە زمانی دایکیان قسەبکەن. خەڵک بەهۆی قسەکردن بە زمانی دایک دەستبەسەردەکرێن''.
باکرهان لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی دەسەڵات سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنی پڕۆسەی چارەسەری گوتی، دانانی قەیووم بۆ بەشێک لە شارەوانییەکانی باکووری کوردستان گومانەکانی زیاتر کرد و گوتی، ''ناتوانین ناوی بنێین پرۆسە، چونکە هێشتا هیچ زانیارییەک نییە؛ تەنیا مشتومڕ هەیە. ئێمە دەمانەوێت ئەم مشتومڕە بۆ بۆ پرۆسە بگۆڕدرێت. تورکیا پێویستی بەم پرۆسەیە هەیە''.
هاوسەرۆکی دەم پارتی جەختی لە پشتگیریی پارتەکەی بۆ پرۆسەی چارەسەری کردەوە و گوتی: ''ئێمە دەڵێین ئەو ئازارانەی لە یەکەمین سەد ساڵەی تورکیادا هەبوون، با لە دووەمین سەدساڵەی تورکیادا دووبارە نەبنەوە و تورکیا ببێتە کۆمارێکی دیموکراسی''.
دەوڵەت باخچەلی سەرەتای مانگی رابردوو لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی تەوقەی کرد و رۆژی 22-10-2024ش لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بچێتە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیێنێت و بەو جۆرەش شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا کۆتایی پێ بێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ