لەگەڵ رەنج؛ كورد لە كەركووک زۆرینەیە، بەڵام خوێندنەکەی نا

10-11-2024
ئاسۆ سەراوی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی كەركووک، كە ساڵی ‏‏2023 كراوە، دەنگی كورد لە بەرامبەر عەرەب ‌و توركمان زۆر زیاترە، ‏بەجۆرێك لەو هەڵبژارنە دا پێكهاتەی كورد 243 هەزار ‌و 113 دەنگی هێناوە ‌و ‏بەوەش رێژەكەی گەیشتە 44٪.
 
دوای كورد، پێكهاتەی عەرەب دێت كە ‏‏212 هەزار‌و 89 دەنگی هێناوە ‌و رێژەكەی 38٪ـە. دوای ئەوانیش بە پلەی ‏سێیەم دەنگی پێكهاتەی توركمان دێت كە 97 هەزار ‌و 870 دەنگی ‏بە رێژەی 18٪ هێناوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، ژمارەی خوێندكار ‌و ‏خوێندنگە كوردییەکانی سنووری پارێزگاكە بەتایبەت بەراورد بە خوێندنی ‏عەرەبی زۆر لە پاشترە.
 
هەرچەندە، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە ‏كەركووک لەم بەرنامەیە دا بە شانازییەكی زۆرەوە باسی لەوە دەكرد لە 550 ‏قوتابخانەی كوردی زیاتر لە 100 هەزار قوتابی كوردیان هەیە، بەڵام ‏مامۆستایەكی هەمان بەرنامە وێنەكە پێچەوانەی ئەوە دەبینی ‌و ئاشكرای ‏دەكات كە ژمارەی قوتابیان ‌و قوتابخانەكانی خوێندنی عەرەبی بەراورد بە ‏قوتابیان ‌و قوتابخانەكانی خوێندنی كوردی زۆر زیاترە ‌و گوتی: "لە سنووری  ‏پارێزگای كەركووک عەرەب نزیكەی 2,200 قوتابخانە ‌و 650 بۆ 700 هەزار ‏قوتابییان هەیە، ئێمەش باسی 100 هەزار قوتابی ‌و 550 قوتابخانەی ‏خوێندنی كوردی دەكەین، شانازی بە چی بكەین؟ لە كاتێكدا ئێمە وەك كورد ‏لە كەركووك بەپێی دوایین هەڵبژاردن بێت زۆرینەین، بەڵام وەك دیارە لە ‏خوێندنی كوردیدا كەمینەین". 
 
 
هەر لەبەرنامەكە دا ئەندامێكی دەستەی ‏كارگێڕیی مامۆستایانی ‏خوێندنی ‏كوردی ‏‏‏لە كەركووك ئاشكرای دەكات كە ‏بەشێك لە مامۆستایانی خوێندنی كوردی منداڵەكانیان دەبەنە قوتابخانەی ‏عەرەبی. سەرۆكی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ‏لە بەشێكی بەرنامەكەدا ئەوەی خستەڕوو کە ئاست بەرزیی خوێندكارانی كورد بۆ ‏هەموویان جێگای شانازییە: "ئەم ساڵ یەكەم ‌و دووەمی هەموو عێراق ‏قوتابیی خوێندنی كوردی بوو".‏
 
خوێندنی كوردی لە شارەكانی عێراقدا تەوەرێكی دیكەی ئەم بەرنامەیە بوو ‏هەرچەندە لە شارە جیاوازەكانی عێراق 20 بەشی خوێندنی كوردی هەن، ‏بەڵام پڕۆگرامەكانی ئەو خوێندنە زۆر خراپن ‌و هیچ كەسێك فێری كوردییەكی ‏خراپیش ناكەن نەك باش، هەر بۆیە مامۆستایەك لە بەرنامەكەدا گوتی: ‏‏"ئەگەر بەم جۆرە بێت بەشی زمانی كوردی لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق ‏هەر نەبێت باشترە".‏
 
مامۆستایەكی دیكە ئاماژەی بەوەدا منداڵی كورد لە كەركووک باجی ململانێی ‏ناشەریفانەی حیزبی دەدات ‌و گوتی: "لە كەركووک یەكێتی و پارتی نووسراوی ‏یەكتری ناخوێننەوە. زۆرترین دژایەتی یەكتری دەكەن، جگە لەوە بە ئۆپۆزیسیۆن ‏و دەسەڵاتەوە مامۆستایانی خوێندنی كوردییان لە كەركووک فەرامۆش ‏كردووە". هەر لە بەرنامەكەدا باس لە خراپی خوێندنی كوردی لە خانەقین ‌و ‏خورماتوو كرا؛ مامۆستایەكی قەزای خورماتوو ئەوەی خستەڕوو بۆ 32 ‏قوتابخانەی كوردی 500 مامۆستای كوردی هەیە: "ئەوەش زۆر كەمە ‌و ‏گرفتی بۆ دروستكردووین". بەپێی گوتەی مامۆستایەكی دیكە لە كەركووک ‏كردنەوەی خوێندنگەی ئەهلی زۆر بووە "ئەوەی گرفتە هەموویان خوێندن ‏تێیاندا بە عەرەبییە".‏
 
100 هەزار قوتابی ‌و550 قوتابخانەی كوردی
 
كامەران عەلی‏، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی ‏لە ‏كەركووک بە روویەكی ‏گەشەوە باس لەوە دەکات، هیچ كاتێك هێندەی ئێستا ژمارەی قوتابی ‌و ‏قوتابخانەی خوێندنی كوردی لە كەركووک زۆر نەبووە ‌و گوتی: "ئێستا زیاتر لە ‏‏100 هەزار قوتابیی خوێندنی كوردیمان هەیە لە 550 قوتابخانە دەخوێنن، ‏ئەو ژمارەیە زۆر باشە، چونكە لە 2003وە قوتابخانە كوردییەكان لە ‏كەركووک كراونەتەوە".‏
 
بەرپرسی یەكەمی خوێندنی كوردی لە كەركووك ئەوە ناشارێتەوە ‏كە قوتابخانە كوردییەكان زیاتر لە گەڕەكە كوردنیشنەكاندان. بەبڕوای كامەران عەلی، نزیكەی 10 بۆ 15 هەزار قوتابیی كورد لە قوتابخانە ‏كوردییەكاندا ناخوێنن، ئەوەش بە گرفت ناودەبات ‌و دەشڵێت: "ئەوانەی لە ‏قوتابخانەی كوردی دەخوێنن ئاسۆیان روونترە، چونكە لە زانكۆكانی ‏كوردستان ‌و عێراقیشدا وەردەگیرێن".‏
 
كامەران عەلی باسی نادادییەكانی حكومەتی عێراق دەكات بەرامبەر كوردی ‏كەركووک، بە تایبەت پارێزگاری بەوەكالەتی پێشووی كەركووک راكان جبووری. ‏ئەو دەڵێت: "ئەوەی راكان بە كوردی كرد كەس نەیكردووە". ‏
 
جگە لە بەرپرسانی سیاسی، بەرپرسانی ئیداریش وەک كامەران عەلی دەڵێت، ‏ستەمیان لە كوردی كەركووك كردووە. ئەو گوتی: "لە دوو ساڵدا نزیكەی ‏‏20 هەزار مامۆستا بۆ كەركووک دامەزراوە، تەنیا هەزارێكی بۆ كورد بووە. ‏ئەویش نازانین چۆن بووە".‏
 
 
‏ئەم ساڵ 540 قوتابی گەڕاونەتەوە بۆ خوێندنی كوردی
 
بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی ‏لە ‏كەركووك بە شانازییەكی زۆرەوە باسی لەوە ‏كرد ساڵانە ژمارەیەكی زۆر قوتابی كورد لە خوێندنی عەرەبییەوە ‏دەگەڕێنەوە بۆ خوێندنی كوردی ‌و گوتی: "هەر بۆ نموونە ئەم ساڵ 540 ‏قوتابی لە خوێندنی عەرەبییەوە هاتونەتە خوێندنی كوردی".‏
 
ئەوەی كامەران عەلی ‌و هاوكارەكانی لە خوێندنی كوردی بێزار دەكات كۆنیی ‏باڵەخانەی قوتابخانەكانی خوێندنی كوردییە هەروەك دەڵێت: "نزیكەی 100 ‏قوتابخانەمان پێویستی بە نۆژەنكردنەوەیە. زۆر قوتابخانەمان هەیە كە ‏بارانێك دەبارێ‌ كێشەی بۆ دروست دەبێت ‌و ئاو دەچێتە پۆلەكانییەوە".‏
 
كامەران عەلی ئەوەشی خستەڕوو لە یەكەم بارانی كەركووك دا ئاو چووە ‏هەندێك قوتابخانە كوردییەكانەوە، ئەو سوپاسی وەزارەتی پەروەردەی ‏هەرێمی كوردستانی كرد بەوەی زۆر هاوكاریانە، جگە لە مووچە ‌و خەرجییەكانی ‏دیكە بەتەنیا ئەم ساڵ یەك ملیۆن پەرتووكی بۆ ناردوون: "ئەمە جگە لەوەی هەر ‏لەم چەند رۆژی رابردوو دا 1,100 مامۆستای وانەبێژیان بۆ كردینە گرێبەست".‏
 
كامەران عەلی ئەوەشی روونكردەوە كە تاكە پەروەردەیە هیچ بودجەیەكی ‏دیاركراویان نییە و گوتی: "بۆ 100 هەزار قوتابی مانگانە 6 بۆ 10 ملیۆن ‏دینارمان بۆ دێت، ئەوەش زۆر كەمە ‌و هەموو مانگێك قەرزدار دەبین ‏لەسەری، چونكە حكومەتی عێراق یەك دیناری بۆ خوێندنی كوردی تەرخان ‏ناكات".‏
 
 
داهاتی فرۆشگاكان بۆ حكومەتی عێراق دەگەڕێتەوە
 
گرفتێكی دیكە كە كامەران عەلیی زۆر نیگەران كردووە، گەڕانەوەی داهاتی ‏فرۆشگای قوتابخانە كوردییەكانە بۆ بەغدا هەروەك گوتی: "تاكە پەروەردەین ‏كە داهاتی فرۆشگای قوتابخانەكانمان بۆ ناگەڕێتەوە، ئەوەش زیانی زۆری ‏لێداوین". كامەران عەلی ئەوەش ناشارێتەوە كە بەرپرسانی كورد لە بەغدا ‏زۆر هاوكاریان بوون بۆ چارەسەری بەشێک لە گرفتەكانیان هەروەها زۆر ‏سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەكات كە دەستپێشخەر بوون ‏لەوەی زەوی بە مامۆستایانی خوێندنی كوردی بدەن گوتی "بۆ وەرگرتنی ‏زەوی پێنج هەزار فۆڕممان پڕكردوونەتەوە، بڕیارە حكومەتی هەرێمی كوردستان ‏بمانداتێ‌".‏
 
بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك جەخت لەوە دەكاتەوە ئەو ‏دڵسۆزییەی لە خوێندنی كوردیدا لە كەركووك هەیە هەرگیز لە خوێندنی ‏عەرەبیدا نییە و گوتی: "هەر لەبەر ئەوەشە دۆخی خوێندنی عەرەبی لە كەركووک زۆر خراپە". ‏ئەوەی بۆ كامەران عەلی و هاوكارەكانی بووەتە كێشە، خوێندنی كوردی ‏پڕۆگرامەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستانە، بەڵام تاقیكردنەوە و كاتی ‏دەوامیان لەگەڵ بەغدایە ئەوەش زۆرجار كێشەی لابەلای بۆ دروست كردوون.‏
 
بەشێك لە مامۆستایانی خوێندنی كوردی گلەیی ئەوەیان هەبوو بۆ مووچە ‏وەرگرتنێك دەبێت بچنە دەرەوەی كەركووک ‌و بۆیە داوایان كرد مووچەكانیان ‏لەنێو كەركووک پێبدرێت، كامەران عەلی ئەوە بە قورس دەبینێ و‌ دەڵێت: ‏‏"گواستنەوەی حەوت ملیار دینار مووچەی مامۆستایان بۆ كەركووک كارێكی ‏ئاسان نییە بەرپرسیارێتییە بۆیە لە دەرەوەی كەركووک وەریدەگرن".‏
 
لە دوای قسەكانی لە بەرنامەكەدا، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی هیوای ‏خواست پارێزگاری ئێستای شارەكە كە كوردە ببێتە هاوكاری خوێندنی ‏كوردی: "ئێستا كە پارێزگار گۆڕاوە هیوایەكی باشمان هەیە ‏خزمەتێكی باشتری خوێندنی كوردی بكات".‏
 
‏20 بەشی خوێندنی كوردی لە شارەكانی عێراق هەیە
 
نەوزاد محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی ‏كوردی لە ‏وەزارەتی ‏پەروەردەی عێراق میوانێكی دیكەی ئەم بەرنامەیە بوو. نەوزاد محەممەد لە ‏دەستپێكی قسەكانی دا ئەوەی خستەڕوو كە هەرچەندە 20 بەشی خوێندنی ‏كوردی لە شارەكانی عێراق دا هەیە، بەڵام لە خراپترین دۆخدان، وەك ئەو ‏بەرپرسەی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی عێراق روونیدەكاتەوە، بەپێی ‏دەستووری عێراق بێت، دەبێت وانەی كوردی لە چواری سەرەتایی بخوێنرێ‌، ‏بەڵام بەپێچەوانەی ئەوە، خوێندنی كورد لە عێراق لە قۆناخی چوار ‌و پێنجی ‏ئامادەیی دەخوێنرێ:‌ "ئەو خوێندنە كەس فێری هیچ ناكات ‌و كەمترین گرنگی ‏پێدەدرێت". 
 
هەر بەپێی قسەی نەوزاد محەممەد پێشتر لە پڕۆگرامی ‏خوێندنی كوردی هەڵەی زمانەوانی زۆری تێدا بووە، بەڵام ساڵی رابردوو ئەو ‏هەڵانە لە چاپی نوێی كتێیبەكاندا چاككرانەوە؛ ئەو گوتی: "گرفتێكی دیكە ‏ئەوەیە، ئەوانەی لەلای ئێمە وانەی كوردی دەڵێنەوە خۆیان كوردنین".‏
 
نەوزاد محەممەد ئەوەشی روونكردەوە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان لە بەغدا ‏لە2016دا نووسراویان بۆ ئەوە كردووە كە خوێندنی كوردی لە جیاتی چواری ‏ئامادەیی، لە چواری سەرەتایی بخوێنرێ،‌ "بەڵام تاوەكو ئێستا ئەو كارە لە ‏نووسراوەكە دا ماوەتەوە كاری پێنەكراوە".‏
 
نەوزاد محەممەد جەخت دەكاتەوە بۆ گرفتەكانی خوێندنی كوردی لە هەموو ‏دەرگاكانیانداوە، بەڵام هێشتا كێشەكانیان وەك خۆیەتی. ئەو گوتیشی: "ئەو ‏مێز و كۆمپیوتەرەی كاری لەسەر دەكەم هی ساڵانی هەشتاكانە".‏
 
لە كۆتایی قسەكانی دا بەرپرسە كوردەكەی خوێندنی كوردی لە وەزارەتی ‏پەروەردەی عێراق ئەوەی خستەڕوو هەرچەندە ساڵی پێشوو خوێندنی ‏كوردی لە كۆلێژی كراوەی كەركووک داخرا، بەڵام بە هەوڵەكانی ئەوان ئەم ساڵ ‏دەكرێتەوە.‏
 
 
سێ‌ دەوامی لە قوتابخانە عەرەبی ‌و توركمانەكانیش هەیە
 
گرفتەكانی خوێندنی كوردی لە كەركووک هی ئەوە نییە كۆبونەوەیەكی ‏تایبەتی بۆ رێكبخرێت؟ ئەوە پرسیاری رەنج سەنگاوی پێشكەشكاربوو لە حەسەن مەجید، سەرۆكی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی ‏پارێزگای ‏كەركووک ‏كە میوانێكی سەرەكیی بەرنامەكە بوو؛ وەڵامی حەسەن مەجید بۆ ئەو ‏پرسیارە "بەڵێ‌" بوو، بەڵام ئەوەشی نەشاردەوە كە ئێستا ئەنجوومەنەكە خۆی ‏بە كۆمەڵێك پرسەوە گرفتارە "هەر كاتێك ئەو گرفتانە نەمان ئەوكاتە ‏پێویستە كۆبوونەوەیەكی تایبەتی بۆ بكرێت". ئەوەش وەڵامی حەسەن ‏مەجید بوو.
 
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئەوەشی خستەڕوو سێ‌ دەوامی ‏قوتابخانەكان نەك لە خوێندنی كوردی، بەڵكو لە قوتابخانە عەرەبی ‌و ‏توركمانەكانیشدا هەیە‌ و گوتیشی: "لە قوتابخانە عەرەبییەكانیش كێشەی ‏جۆراوجۆر هەیە، بەڵام بەراورد بە خوێندنی كوردی كەمترە".‏
 
ئەوەی حەسەن مەجید ‌و هاوكارە كوردەكانی  دڵخۆش دەكات ئەوەیە ‏ئەم ساڵ یەكەم ‌و دووەمی هەموو عێراق قوتابیی خوێندنی كوردی بوون.
سەبارەت بە‌و خوێندنە كوردییەش كە لە شارەكانی عێراق هەیە حەسەن ‏مەجید ئەوە رووندەكاتەوە: "ئەو خوێندنە كوردییەی كە لە چوار ‌و پێنجی ‏ئامادەیی لە عێراق دەخوێنرێ‌، زۆر سەرەتاییە ‌و كەس فێری كوردی ناكات."‏
 
بۆ حەسەن مەجید ‌و هاوكارە كوردەكانی، گەشەی خوێندنی كوردی لە ‏كەركووك جێگای شانازییە، چونكە وەك ئەو گوتی: "یەكەم ساڵ كە ‏قوتابخانەی كوردیمان كردەوە، مۆڵەتی حەوت قوتابخانەمان هەبوو، بەڵام  ‏ئێمە 15مان كردەوە ئێستاش دیارە گەیشتووەتە چەند".‏
 
حاڵەتێكی دیكە كە حەسەن مەجید بە هۆكارێكی دڵخۆشی دەزانێ‌ ئەوەیە ‏تەواوی پێداویستیی قوتابخانە كوردییەكان لە هەرێمی كوردستانەوە دابین ‏دەكرێت، بەڵام حكومەتی عێراق ناتوانێ‌ بیناكانیش نۆژەن بكاتەوە ‏لە كاتێكدا هەروەک ئەو گوتی: "بە نموونە هەر كاتێك باران ببارێ‌ ئاو دەچێتە ‏قوتابخانەی شۆراوی بنەڕەتی". لە كۆتایی قسەكانی دا سەرۆكی فراکسیۆنی پارتی ‏لە ئەنجوومەنی ‏پارێزگای ‏كەركووک باسی لەوە كرد كە مامۆستایانی خوێندنی ‏كوردی لە كەركووک جگە لە دڵسۆزی بۆ كارە پەروەردەییەكەیان هەمیشەش لە ‏ریزی پێشەوەی خەباتی كوردایەتی بوون ‌و گوتی: "لە رێپێوانەكەی 28ی ‏تەممووزدا كە 26 کەس شەهید بوون نۆیان مامۆستا بوون". 
خۆیان مامۆستای خوێندنی كوردین، بەڵام منداڵەكانیان...‏
 
‏هیوا حەسەن، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مامۆستایانی ‏خوێندنی ‏كوردی ‏‏‏لە ‏كەركووک، وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە باسی لەوە كرد بەشێك لە ‏مامۆستایانی خوێندنی كوردی لەكاتێكدا خۆیان لە قوتابخانەی كوردین، ‏منداڵەكانیان لە قوتابخانەی عەرەبی دەخوێنن ‌و گوتیشی: "منداڵی ‏كوردیش هەیە لە قوتابخانەی توركمانی دەخوێنێ، دەبێت ئەوەش بڵێم ‏منداڵی عەرەبیش هەیە لە قوتابخانەی كوردییە".‏
 
سەبارت بەوەش كە وەك دەستەی كارگێڕی مامۆستایانی ‏خوێندنی ‏كوردی ‏تۆمەتبار دەكرێن كە دژی خوێندنی كوردی بن ئەو رەتی دەكاتەوە دەڵێت ‏‏"ئێمە دژی خوێندنی كوردی نین، تەنیا دەمانەوێ موچەكانمان بچێتەر بەغدا ‏ئەوەش مافێكی خۆمانە".‏
 
هیوا حەسەن، ئەوەش ناشارێتەوە بەهۆی خراپی دۆخی سیاسییەوە، بەشێك ‏لە خەڵكی متمانەی بە خوێندنی كوردی نەماوە. هیوا حەسەن بەپێویستی دەزانێ‌ بۆ ئەو مامۆستا عەرەبانەی لە شارەكانی ‏عێراق وانەی كوردە دەڵێنەوە بەردەوام خولی بەروپێشچوونیان بۆ بكرێتەوە ‏ئەو گوتی "تاوەكوئێستا هیچ خولێك بۆ ئەو مامۆستایانە نەكراوەتەوە كە لە ‏قوتابخانەی عەرەبی وانەی كوردی دەڵێنەوە".‏
 
'دۆخی خوێندنی كوردی لە خانەقینیش باش نییە'
 
ماهیر هۆشەنگ، پسپۆڕی زمانی كوردی ‌و ئەندامی كەمپینی 'بەڵێ‌ بۆ ‏خوێندنی كوردی لە خانەقین' كە لە خانەقینەوە لەبەرنامەكەدا بەشداربوو ‏ئەوەی خستەڕوو كە دۆخی خوێندنی كوردی لە خانەقینیش باش نییە. ماهیر ‏هۆشەنگ گوتی: "بەرپرسی كورد هەیە منداڵەكەی بردووەتە قوتابخانەی ‏عەرەبی، ئیتر ئێمە گلەیی لە كێ‌ بكەین". ئەو مامۆستا كوردەی خانەقین ‏ئەوەشی روونكردەوە كە نەک لە بواری خوێندن، بەڵكو لە زۆر رووەوە ‏خانەقین لەبیركراوە ‌و گوتیشی: "لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە دەسەڵاتی ‏عێراق لە خانەقین سەپێنراوە".‏
 
ماهیر هۆشەنگ شانازی بەوە دەكات كە لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا خانەقین ‏هەمیشە دەنگی زۆری بۆ كورد هێناوە، ئەو گوتی "بەڕاستی ئەركی ‏دەسەڵاتدرانی كوردە بەشێوەیەكی گشتی داكۆكی لە خەڵكی ناوچە ‏جێناكۆكەكان بكەن".‏
 
ماهیر هۆشەنگ ئەوەش ناشارێتەوە كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە كورد ‏قورسایی جارانی  لە خانەقین نەماوە.‏
 
 
'لەسەر خوێندنی كوردی قوتابی مەخەن'
 
محەممەد عەبدوڵڵا، كە وەك كارگێڕی لقی ‏كەركووكی ‏یەكێتیی ‏‏‏مامۆستایانی ‏كوردستان لە بەرنامەكەدا بەشدار بوو جەختی لەوە كردەوە كە بەڕێوەبەری ‏قوتابخانە عارەبییەكان هانی مامۆستایانیان دەدەن كە زمانی كوردی ‏فەرامۆش بكەن ‌و گوتی: "بەڕێوەبەری ئامادەییەكی عەرەبی هەیە بە ‏مامۆستاكانی گوتووە خوێندنە كوردییەكە فەرمامۆش بكەن ‌و قوتابی لەسەر ‏مەخەن".
 
محەممەد عەبدوڵڵا لە دژی ئەوەش كە خوێندنی زمانی كوردی لە ‏چوار ‌و پێنجی ئامادەیی بخوێنرێ‌ ئەو دەڵێت: "ئەگەر زمانی كوردی لە ‏قۆناخی سەرەتایی نەخوێنرێ‌ كەس فێر نابێت بۆیە دەبێت لە جیاتی چوار‌ و ‏پێنجی ئامادەیی لە قۆناخی سەرەتایی  زمانی كوردی لە قوتابخانە ‏عەرەبییەكاندا بخوێنرێ‌".‏
 
 
.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە