رووداو دیجیتاڵ
جێگری فەرماندەی لیوای 5ـی هێزی پێشمەرگە دەڵێت، بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق وەک خۆیان ماون و پڕنەکراونەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی تشرینی دووەم، عەقید بەختیار بێسەری، جێگری فەرماندەی لیوای 5ـی هێزی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە گەرمیان و ناوچەکانی دیکەش هەر ماون، لەکاتێکدا نزیکەی 3 ساڵە باس لەوە دەکرێت، دەبێت لیوای هاوبەشی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە ئەو بۆشاییانە پڕبکەنەوە، بەڵام تائێستا ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکراوە."
عەقید بەختیار بێسەری گوتیشی: "تەنیا لە سنووری کوڵەجۆ کە رۆژی 25ـی ئابی ئەم ساڵ هێزێکی حەشدی شەعبی هاتنە ناوچەکە و دواتر پاشەکشەیان کرد، لیوای 17ـی سەر بە یەکەی 70ـی پێشمەرگە جێگیرکراون، بەڵام ئەوەش بە پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنیی هەژمار ناکرێت"
بە گوتەی جێگری فەرماندەی لیوای 5ـی هێزی پێشمەرگە، "رووبەری ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی کە لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ەوە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دا دروست بوون بەگوێرەی ناوچەکان دەگۆڕێت، کە درێژترینیان 40 کیلۆمەترە."
مانگی ئابی ساڵی 2021 وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق رێککەوتن لەبارەی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئەوەی لەو ناوچانە بڵاوبکرێنەوە کە بۆشایی ئەمنین.
نزیکەی 560 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە، زۆرینەی دوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 دروستبوون و بە هۆکاری سەرەکیی هێرشە ناوبەناوەکانی چەکدارانی داعش دادەنرێن بۆ سەر پێشمەرگە و سوپای عێراق.
لیوا هاوبەشەکە لە سێ هەزار و 700 پێشمەرگە و سەربازی عێراقی پێکدێن، کە مووچە و پڕچەککردنیان لەسەر وەزارەتی بەرگریی عێراقە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ