رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی دەڵێت، "زیاتر لە 20 رۆژە بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەماوە، بەهۆیەوە نرخی بەنزینی بازرگانی گران بووە." خاوەنی بەنزینخانەیەکیش لە هەولێر دەڵێت، "بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومەت لە هەولێر دابەشدەکرێت، بەڵام بەهۆی کەمی بەنزینی بازرگانی نرخی بەنزین گرانبووە." خاوەنی بەنزینخانەیەک لە پارێزگای دهۆکیش دەڵێت: "بەنزینی بازرگانی بە ئاسانی دەست ناکەوێت و بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومەتیش کەمبووەتەوە."
رۆژی سێشەممە، 25-07-2023 بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دوێنێوە نرخی بەنزینی نۆرماڵ و سووپەر 50 دینار و موحەسەن 25 دینار بەرزبووەتەوە؛ ئێستا بەنزینی نۆرماڵ بە 900 دینار، سووپەر بە 1,250 دینار و موحەسەن بە 1,075 دینارە."
لەبارەی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، بەهمەن شێخ قادر دەڵێت: "هۆکار زۆرن، بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بە نموونە، زیاتر لە 20 رۆژە بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە 750 دینار بوو نەماوە، هەروەها بەهای دینار دابەزیوە، بازرگانانیش ترسیان لا دروست بووە بۆ هاوردەکردنی بەنزین."
گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی گوتیشی، "پێشتر بەنزینی هاوردەمان هەبوو لە ئێرانەوە دەمانهێنا، بەڵام بەهۆی ئەو دەنگۆیانەی ئەم ماوەیە هەن لەبارەی ناردنی بەنزینی 450 دیناری لە بەغداوە ترس لای بازرگانان دروست بووە، هەموو ئەوانە کاریگەری لەسەر کار و کڕین و فرۆشتنی بازرگانان هەیە و دەترسن بەنزین هاوردە بکەن."
لە هەولێریش نرخی بەنزینی بازرگانی بەزربووەتەوە، بەڵام بە گوتەی خاوەنی بەنزینخانەیەک، بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان تائێستا بەردەوامە. مەروان یاسین، خاوەن بەنزینخانە لە هەولێر بە رووداوی گوت: "بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومەت کە 750 دینارە هەر دابەشدەکرێت و لە نزیکەی حەوت بۆ هەشت بەنزینخانە هەیە، بەڵام بەنزینی بازرگانی دوو رۆژە دابەشناکرێت، بۆیە نرخی بەنزین گرانبووە، ئێستا نرخی بەنزینی نۆرماڵ بە کۆ بە 900، موحەسەن 1,200 و سووپەر 1,400 دینارە."
بە گوتەی مەروان یاسین، "رێگەی بەغدا نەماوە و بەنزین داخڵ نابێت، ئەگەر بازگەکان بکەنەوە ئەوە نرخ زیاتر دادەبەزێت، بەڵام بۆ پاڵپشتی لە بەنزینی ناوخۆ بازگەکان ناکرێنەوە و ئەوەی ناوخۆش دوو رۆژە نییە، بە نموونە لاناز و کار کە بەنزینی بازرگانیان پێ دەفرۆشتین، ئەوە دوو رۆژە بەنزین نافرۆشن."
کەیفی خودانی، خاوەنی بەنزینخانە لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی بەنزین جارێ بە کۆ گرانبووە لە بەنزینخانەکان باشە، نۆرماڵ بە 865؛ موحەسەن بە 1,075 و سوپەر بە 1,475 دینارە، بەڵام لە داهاتوو لە دهۆکیش نرخی بەنزین گران دەبێت، چونکە بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومەت کەمبووەتەوە و بەنزین بازرگانیش کەمە."
بە گوتەی کەیفی خودانی، پێشتر لە پارێزگاری دهۆک لە پێنج بۆ شەش بەنزینخانە بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرا، بەڵام ئێستا نەماوە لە نزیکەی دوو بەنزینخانە هەیە زۆر کەمبووە. ئەو بەنزینخانانەش کە بەنزینی بازرگانی دەفرۆشن بە ئاسانی بەنزینیان دەست ناکەوێت چونکە ئێمە لە کۆمپانیای لاناز بەنزینمان دەکڕی ئەوەش دوو رۆژە نەماوە.
ئەمساڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەنزینی پاڵپشتیکراوی بە نرخی 690 دیناری و 800 دیناری بە هاونیشتمانیان دەفرۆشت، بەڵام لە 1ـی ئایارەوە، بە بڕیاری وەزارەت نرخی بەنزینی 690 دیناری و 800 دیناری بوون بە 750 دینار بۆ هەموو جۆرەکانی ئۆتۆمبێل بە پاس؛ تاکسی و تایبەتیشەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ