رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لە قەزای پێنجوێن کەسێک بەهۆی شەڕ و دەمەقاڵی لەگەڵ کەسێکی دیکە، بریندار بووە، بەڵام پێش گەیاندنی بە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، گیانی لەدەستداوە.
رۆژی سێشەممە، 25-07-2023 سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت: "رووداوەکە کاژێر 10:00ـی شەو لەباخچەیەکی قەزای پێنجوێن روویداوە و ئەو دوو کەسە ناسیاوی یەکدی بوونە و پێشتر هیچ کێشەیەک لە نێوانیاندا نەبووە."
لەبارەی چۆنێتیی رووداوەکە، سەرکەوت ئەحمەد گوتی: "کەسێک بە ناوی کۆژین نەجات، کە تەمەنی 17 ساڵە چووەتە باخچەیەکی پێنجوێن و بەدوای کەسێکدا گەڕاوە، کە وادیار بووە کێشەی لەگەڵ هەبووە، بەڵام ئەو کەسە لە باخچەکە نەبووە، کەسێکی دیکەی لێ بووە بە ناوی محەممەد بەشیر، کە هاوتەمەنی خۆی بووە، محەممەد قسەی لەگەڵ کردووە بۆ ئەوەی واز لەو کەسە بهێنێت، کە بە دوایدا گەڕاوە، بۆیە لەسەر ئەو بابەتە بووەتە دەمەقاڵێیان."
بە گوتەی سەرکەوت ئەحمەد، "کۆژین لە کاتی دەمەقاڵی لەگەڵ محەممەد، بە ساتوور (قەمە) لە دڵی داوە و دڵی لەت کردووە بۆیە برینی محەممەد هێندە سەخت بووە تاوەکو گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستداوە."
سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا، تۆمەتبار هەر ئەو شەوە بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، کە تایبەتە بە کوشتن دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ