بەنداوی دەربەندیخان 23 سانتیمەتری ماوە بۆ سەرڕێژبوون

25-04-2024
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان دەڵێت، بەنداوەکە 23 سانتیمەتری ماوە بۆ سەرڕێژبوون، رەنگە هەفتەی داهاتوو سەرڕێژ بێت.
 
سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هێشتا دیار نییە بەنداوی دەربەندیخان کەی سەرڕێژ دەبێت، چونکە رۆژانە بڕی ئاوەکە دەگۆڕێت و ئەوەندەی پێشبینی دەکەین؛ ئەگەر بڕی ئاو کەمنەبێتەوە، رەنگە لە دوو رۆژ تاوەکو هەفتەی داهاتوو سەرڕێژ بێت."
 
بەنداوی دەربەندیخان دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە. سامان ئیسماعیل دەڵێت "بۆ ئەمڕۆ، بەنداوەکە 23 سانتیمەتری ماوە بۆ سەرڕێژبوون."
 
ئیدارەی بەنداوەکە هۆشداریی بە هاووڵاتیان داوە، لە ئەگەری سەرڕێژبوونی، لە حەرەمی بەنداوەکە دووربکەونەوە بۆ ئەوەی پارێزراو بن. هەر بەو مەبەستە نووسراو ئاراستەی پارێزگای سلێمانی، ئیدارەی گەرمیان و قایمقامیێتی دەربەندیخانیش کراوە.
 
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان لەبارەی بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکە دوای سەرڕێژبوونی گوتی، بڕی بەردانەوەکە ئەوکات گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و پلانی بۆ دادەنرێت، ئێستا رۆژانە نزیکەی 120 مەتر چوارگۆشە ئاو بەردەدرێتەوە. 
 
لە هەرێمی کوردستان سێ بەنداوی گەورە هەن. بەنداوی دووکان توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە و  بەنداوی دهۆکیش توانای گلدانەوەی 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. 
 
بەنداوی دووكان لە ساڵی 1959 لەلایەن كۆمپانیایەكی بەریتانییەوە دروستكرا ‌و بەنداوی دەربەندیخان لە ساڵی 1961 لەلایەن كۆمپانیایەكی ‏ئەمریكییەوە دروستكرا؛ بەنداوی دهۆکیش ساڵی 1988 دروستکرا.
 
جگە لە سێ بەنداوە گەورەکەی هەرێمی کوردستان، چەندین بەنداو و گۆماوی دەستکرد لە هەرێمی کوردستان هەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.