کارەبای شەمامک: لە کۆی 22 فیدەری ناحیەکەمان 13یان کێشەی بارزۆرییان هەیە

26-03-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری کارەبای ناحیەی شەمامک دەڵێت، لە کۆی 22 فیدەری کارەبا 13یان کێشەی بارگرانیی کارەبایان هەیە و ئەوەش وایکردووە لە هەندێک فیدەر کارەبا بکەنە نۆرە. دەشڵێت، وشکەساڵی و کەمی باران وایکردووە جووتیاران کارەبای زیاتر بۆ ئاودانی کێڵگەکانیان بەکاربێنن.
 
چەند هاونیشتمانییەک لە گوندی ئەسحابە لەک و جەدیدە لەک لە سنووری ناحیەی شەمامک پەیوەندییان بە رووداو کردووە و دەڵێن: "خشتەی کارەبامان گۆڕاوە و شەوان کارەبامان نییە، لەکاتێکدا لە گوندەکان موەلیدە نییە".
 
دەریا محەممەد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری کارەبای شەمامک میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو و باسی لە دۆخی کارەبای سنوورەکەیان کرد و گوتی: "لە سنووری ناحیەی شەمامک 5 وێستگە و 22 فیدەرمان هەیە کە لە رێگەیانەوە کارەبای زیاتر لە 30 هەزار هاوبەش دابین دەکەین، بەڵام بەهۆی بارزۆری لەسەر فیدەرەکانمان، ناچار بووین لە چەند فیدەرێک کارەبا بکەینە نۆرە".
 
بەڕێوەبەری کارەبای شەمامک دەڵێت: "لەو 22 فیدەرە 13 فیدەرمان بارزۆرییان لەسەرە؛ بۆیە بەناچاری لە سێ فیدەر کارەبامان کردووەتە نۆرە. بۆ نموونە، گوندی ئەسحابە لەک 12 کاژێر واتە لە 9ی بەیانی بۆ 9ی شەو کارەبای هەیە و پاشان گوندی جەدیدەلەک 12 کاژێرەکەی دیکە کارەبای دەدرێتێ".
 
بەگوتەی دەریا محەممەد، ئەو هەنگاوەیان بە ئاگاداری و رەزامەندیی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا و کۆنترۆڵی کارەبای هەولێر بووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هەنگاوەکە لە ناچاری بووە بۆئەوەی کارەبای پێویست بۆ جووتیاران و دانیشتوانی سنوورەکە دابین بکەن، چونکە بەهۆی وشکەساڵییەوە بەشێکی زۆری جووتیارانی سنوورەکە بۆ ئاودانی کێڵگەکانیان پشت بە کارەبای نیشتمانی دەبەستن.
 
بەڕێوەبەری کارەبای شەمامک ئاماژەی بەوەش کرد: "لە دوای وەرزی ئاودانی کێڵگە کشتوکاڵییەکان، خواست لەسەر کارەبا کەم دەبێتەوە و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام بۆ چارەسەری ریشەیی پێویستمان بە دانانی وێستگەی دیکە دەبێت و بە دامەزراندنی وێستگەیەکی 132 کەیفی کێشەی کارەبا لە سنوورەکە بەتەواوی چارەسەر دەبێت".
 
لەبارەی دانانی وێستگەی کارەبا بۆ سنووری شەمامک، بەڕێوەبەری کارەبای ناحیەکە گوتی، لە لایەن بەڕێوەبەری کارەبا و بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێرەوە هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ ئەوەی گرفتەکە چارەسەر بکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە