رووداو دیجیتاڵ
دینا بچووکترین و نوێترین منداڵی نێو خێزانێکی حەوت کەسی بوو، بەڵام خێزانەکە هەڵوەشایەوە و باوکی هەر پێنج منداڵەکەی هێناوەتە خانەی نەوجەوانانی هەولێر.
دینا تەمەنی تەنیا نۆ مانگە، سێ رۆژ بەر لە ئێستا، باوکی ئەم و دوو خوشک و دوو برای هێناوەتە خانەی نەوجەوانان و گوتوویەتی، لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە و ناتوانێت ئەو منداڵانە بەخێو بکات، پاشان بەجێی هێشتوون.
بەشی سفر بۆ چوار ساڵان لە خانەی نەوجەوانانی هەولێر بە رێوڕەسمێکی فەرمی کرایەوە، باڵەخانەیەک کە ماوەی درووستکردنی ساڵێکی خایاندووە. لە شەش ژوور پێکدێت و لە یەک کاتدا توانای لەخۆگرتنی 20 منداڵی هەیە.
سەرپەرشتیاری ئەم بەشە مامۆستایەکە بە ناوی سوندوس، کە لە ماوەی 24 ساڵی کارکردنی لە خانەی نەوجەوانان نزیکەی 44 منداڵی ساوای بەهۆی نەبوونی جێگە بردووەتەوە ماڵەکەی خۆی و بەخێویانی کردووە.
درووستکردنی باڵەخانەی ئەم بەشە 120 هەزار دۆلاری تێچووە کە خێرخوازێک بە ناوی حاجی فەیزوڵڵا لە ئەستۆی گرتووە و مانگی سووری تورکیش 30 هەزار دۆلاری بۆ دابینکردنی کەلوپەلی بەشەکە بەخشیوە.
لە یەکەم رۆژی ئەم بەشە هەشت منداڵ تێیدا دەمێننەوە کە شەش کچ و دوو کوڕن.
لە خانەی نەوجەوانانی هەولێر منداڵ لەمەودوا لە تەمەنی یەک رۆژی تاوەکو 18 ساڵی دەمێننەوە و بە نزیکەیی ئێستا 70 منداڵ لە خانەکەن، پلانیش هەیە لە ماوەیەکی نزیک لەسەر شەقامی 120 مەتری هەولێر باڵەخانەیەکی گەورەتر و مۆدێرنتر بۆ خانەی نەوجەوانان درووستبکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ