رووداو - کەرکووک
سەدان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر کە لە سلێمانییەوە هاتوون، چەند رۆژێکە لە بازگەی چیمەن لە کەرکووک راگیراون.
یاسر ئەحمەد، شۆفێری بارهەڵگرە و بارەکەی چیمەنتۆیە، دەیەوێت بیگەیێنێتە کەرکووک، کە تەنیا 10 کیلۆمەتری ماوە بگات، بەڵام ماوەی دوو رۆژە لە بازگەکە وەستاوە. ئەو لەترسی باران بارین بارەکەی دادەپۆشێت بۆئەوەی زیانی پێ نەگات، دوای ئەوەش ئۆتۆمبێلەکەی هەر لەنزیک بازگەکە جێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە ماڵەکەی.
یاسر دەڵێت، "دەبێت کارگەکە پارە بنێرێت بۆ بەغدا تاوەکو بەغدا فەرمان بداتە بازگەکە و بڵێ بڕۆ. من دوو رۆژە لێرەم، بەڵام ئەو بارهەڵگرانە زیاتر لە دوو رۆژە لێرە وەستاون، ئەم چادرەم لێیدا بۆئەوەی ئەگەر باران باری، باران لێی نەدات. دواتر بارهەڵگرەکەم جێدەهێڵم و دەڕۆمەوە."
ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرانە سەرجەمیان هی ئەو کۆمپانیا و کارگانەن کە لە سلێمانین، گەرچی مۆڵەتی بەغدایان وەرگرتووە، بەڵام بەهۆی سەری ساڵەوە مۆڵەتەکەیان بەسەرچووە و ناتوانن تێبپەڕن تاوەکو ئەوکاتەی دەوام دەکرێتەوە و کۆمپانیاکان باج دەدەنە دەستەی خاڵە گومرگییەکانی عێراق.
یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران پێیان وایە ئەوەی لە بازگەکانی کەرکووک دەکرێت، بیانوویەکە و ئامانج لێی کەمکردنەوەی داهاتی هەرێمی کوردستان و بازرگان و خاوەن کارەکانە.
شێخ عەتا محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان دەڵێت، "زەرەرێکی زۆر گەورەیە بۆ بازرگانەکان و هاوردەکاران. ئەمە کارێکە کە وادیارە بیانەوێت زیاتر قۆرخی هەرێمی کوردستان بکەن و هەوڵ بدەن کە ئەو داهاتەی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت کەمی بکەنەوە."
ئەو بارانەی لە بازگەی چیمەن راگیراون زۆربەیان چیمەنتۆ و شیش و تابوگ و کەرەستەی دیکەی خانووبەرەن؛ بەشێکیان هەناردەی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکرێن و بەشێکی دیکەشیان لە سلێمانییەوە دەگەیێندرێنە هەولێر یان دهۆک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ