رووداو دیجیتاڵ
نەخۆشخانەی پێشمەرگە رایگەیاند دوای پشووی سەری ساڵ، دەستدەکەن بە دروستکردنی 'دەفتەری چارەسەری مانگانە' بۆ ئەو نەخۆشانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمشەو (پێنجشەممە، 2-1-2025) رایگەیاند "نەخۆشخانەی پێشمەرگە بووەتە ناوەندێکی گرنگی تەندروستی بۆ نەخۆشانی پێشمەرگە." لەبارەی مەبەستی دروستکردنی دەفتەرەکەشەوە دەڵێ "بۆ وەرگرتنی دەرمانی مانگانەیە لە نەخۆشخانەکە."
بۆ مەبەستی راییکردنی کارەکانی پەیوەست بە دروستکردن و کارپێکردنی ئەو دەفتەرە، لیژنەیەک دەستبەکار دەبن کە وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "رۆژانی یەکشەممە، سێشەممە و چوارشەممە دادەنیشن. لیژنەکە لە 7-1-2025 دەستبەکار دەبن و نەخۆش دەبینن."
جەختیش کراوەتەوە لەوەی "دەفەرچارەسەری مانگانە تەنیا بۆ پێشمەرگە، کەسوکاری شەهیدان و کەسی پلەیەکی ئەم دووانە دەبێت."
نەخۆشخانەی پێشمەرگە ئەو دوو ژمارە تەلەفۆنە "07502355830 و 07512236696"ـی بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی هەرکەسێک زانیاریی زیاتری ویست لەمبارەیەوە، پەیوەندییان پێوە بکات.
لە نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بێبەرامبەرن و تایبەتن بە هێزەکانی پێشمەرگە و کەسی یەکەمیان لەگەڵ کەسوکاری شەهیدان.
ئەو نەخۆشخانە 30 قەرەوێڵەییە لە بەشی هەناو، شکان، دەمار، ددان، تیشک، سۆنار، فریاکەوتنی خێرا و چاودێریی چڕ پێکدێت و نەشتەرگەریشی تێدا دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ