کوردستان
کەسێک کە پارە دەژمێرێت، لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی 11ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان؛ گرافیک: رووداو
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی بۆ مانگی 11 راگەیاند.
بەپێی خشتەکە کە ئەمشەو (پێنجشەممە، 2-1-2025) وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاویکردووەتەوە، لەماوەی چوار رۆژدا لە 5 بۆ 8ـی کانوونی دووەم، مووچەی مانگی 11ـی 2024ـی مووچەخۆران دابەش دەکرێت.
بڵاوکردنەوەی خشتەی مووچە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکی دیکەدا گوتبووی "بۆ مووچەی مانگی تشرینی یەکەم (10) وەک وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داوای تەمویلکردنی بڕی (999،124،329،000 ) دینارمان کردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ تەنیا (760،262،000،000) دیناری ناردووە، بەو شێوەیەش نزیکەی (239،000،000،000) دینار کورتهێنان هەبووە و لەداهاتی ناوخۆ پڕکراوەتەوە."
بۆ مووچەی مانگی 11، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی راپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوە پێویستی بە "نزیکەی یەک تریلیۆن دینار بووە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا (631،335،000،000) دیناری ناردووە."
لەبارەی مووچەی مانگی 12ـشەوە وەزارەتەکە رایگەیاندبوو "وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا بڕیاری لەسەر خەرجکردنی تەنیا ( 441،493،000،000) دینار داوە."
واتە بۆ مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو "وەزارەتی دارایی عێراق لە کۆی سێ ترلیۆن دینار تەنیا (1،833،090،000،000) دیناری ناردووە بەوەش نزیکەی (1،167،000،000،000) دیناری لە تەمویلی مووچەی هەر سێ مانگەکە بڕیوە." ئەمە وەک وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە گوتیشی "سوورین لەسەر بەدەستهێنانی مووچەی مانگی 12" و دابینکردنی ئەو پارەیە دەخاتە ئەستۆی حکومەتی عێراق و دەڵێت "دەبێت دابینی بکات."
راگەیاندنی لیستی مووچەی مانگی 11 دوای 17 رۆژ دێت لە راگەیاندنی لیستی مووچەی مانگی 10. واتا دابەشکردنی ئەو مووچەیە دوای نزیکەی دوو هەفتە دێت لە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10.
نوێدەکرێتەوە..
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ