هاونیشتمانییەک لە چیای زۆزک هەڵدێرا؛ 7 تیم هەوڵی هێنانەخوارەوەی تەرمەکەی دەدەن

02-01-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەک لە چیای زۆزک، لە بەرزایی زیاتر لە هەزار و 500 مەتر هەڵدێرا و گیانی لەدەستدا. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێت، ''شوێنی هەڵدێرانەکەی سەخەتە و 7 تیممان سەرقاڵی هێنانەخوارەوەی تەرمی هاونیشتمانییەکەن.'' 
 
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 02-01-2025) تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران ئاگادارکراونەتەوە کە هاونیشتمانییەک لە چیای زۆزک، لە بەرزایی زیاتر لە هەزار و 500 مەتر هەڵدێراوە و گومان دەکرێت گیانی لەدەستدابێت. 
 
کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران قسەی بۆ ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، ''هەوڵی خۆمان دا بۆ رزگارکردنی ئەم هاونیشتمانییە، بەڵام بەداخەوە سەرەڕای گەیشتنی تیمەکانمان و فریاگوزاریی سەرەتایی، گیانی لەدەستدا.''
 
کاروان میراودەلی گوتیشی، ''ئێستا، پێنج تیممان سەرقاڵی هێنانەخوارەوەی تەرمەکەن، دوو تیمی دیکەش خەریکە بۆ هاوکاریکردنیان دەچن.'' 
 

وێنەی هاونیشتمانییەکە. گرافیک: رووداو

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران ئاماژەی بەوە کرد، چەندەی هەوا تاریکتر بێت، سەختیی هێنانەخوارەوەی تەرمەکەش زیاترە، ''رێگەکە هەمووی گەلییە و شوێنی هەڵدێرانی زۆرە، بەڵام خەڵکی گوندەکانمان لەگەڵدایە کە شارەزای چیاکەن و هاوکاریمان دەکەن.''
 
بەگوتەی کاروان میراودەلی، شوێنی هەڵدێرانی هاونیشتمانییەکە زۆر سەختە و داوای فڕۆکەیان بۆ هێنانەخوارەوەی تەرمەکەی کردووە، ''بەڵام تیمی فڕۆکەوانی بەهۆی تاریکیی هەوا و سەختیی شوێنەکە، نەیانتوانی هاوکاریمان بکەن.''
 
بەپێی زانیارییەکان هانیشتمانییەکە خەڵکی سۆرانە. وەک بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێت، ''بەهۆی سەختیی شوێنی هەڵدێرانەکەی، هێنانەخوارەوەی تەرمی ئەو هاونیشتمانییە نزیکەی دوو کاژێر و نیو بۆ سێ کاژێر دەخایێنێت.''

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ئەمڕۆی کەرکووک کە خۆڵبارینێکی چڕ بوو. وێنە: محەممەد شکور - رووداو

لە کەرکووک بوومەلەرزە روویدا

ئێوارەی ئەمڕۆ لە پارێزگای کەرکووک بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.6 پلە بە پێوەری رێختەر روویدا. ئەمە دووەمین بوومەلەرزەیە لە ماوەی هەفتەیەکدا لە سنووری کەرکووک تۆمار دەکرێت.